*مەعروف مەجید
مایەی خۆشحاڵییە کە بابەتی ژینگە و ژینگەپارێزی لەسەر ئاستی تاک ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو پێشچوونی باشی بە خۆوە بینیوە، هەرچەندە هێشتا لە ئاستی داواکاری ئێمەی چالاکوانانی ژینگەدا نییە، بەڵام دەکرێت بۆ چەند ساڵی ئایندە بەرەوپێشچوونی زۆر باشتر بە خۆوە ببێنێت.
ئێمە هەمیشە وتومانە هۆشیاری تاک و چاودێری و بڕیاری حکومەت تەواوکەری یەکترن بۆ پاراستنی ژینگە، کاتێ تاک هۆشیار بێ و حکومەتیش بڕیاری درووست بدات ئەوا گومانی تێدا نیە مەترسیە ژینگەییەکان ئەگەر کۆتاییشیان پێنەیات لایەنی کەم کەم دەبنەوە.
بڕیاری قەدەغەکردنی کەلوپەلی پلاستیک لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەی ئەمساڵ، لەلایەن پارێزگار و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە، یەکێکە لە دڵخۆشییە گەورەکانی ئێمە، چونکە ساڵی پێشوو بە نووسینێک تیشکمان خستە سەر مەترسییەکانی بوونی پلاستیک و پاشماوەکان لە ناو ئەم جۆرە کۆبوونەوە جەماوەرییانەدا.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانماندا بۆ گەشەپێدان و دەوڵەمەندکردنی هۆشیاری ژینگەیی، نەخشەڕێگەیەکی گشتگیرمان داڕشتووە کە لەم خاڵانەی خوارەوە دا کورتی دەکەینەوە بۆ ئەوەی بۆ فیستیڤاڵی ئەمساڵ سەرپەرشتیارانی ئازیز سوودی لێببینن و جێبەجێی بکەن.
دیاریکردنی ئامانج و قەدەغەکردنی پلاستیک
فێستیڤاڵی پایز و هەناری هەڵەبجە وەک نموونەیەکی کردەیی و دیار وەرگیراوە، قەدەغەکردنی تەواوەتی بەکارهێنانی سەرجەم بابەت و کەرەستە پلاستیکییەکان لە ناو فێستیڤاڵەکەدا هەنگاوێکی ئەرێنی نوێیە تاوەکو ئاهەنگەکانمان لە زیانگەیاندن بە سروشت پاک بکەینەوە، ساڵانی پێشوو زیاد لە ۳۰۰ هەزار سەردانیکار سەردانیان کردووە، چاوەڕوان دەکرێ ئەمساڵ بۆ نیو ملیۆن کەس زیاد بکات، کەواتە، ئەگەر بەرنامەیەکی تۆکمە پەیڕەو نەکرێ مەترسییەکان زیاتر دەبن، کە مایەی خۆشحاڵییە بڕیاری قەدەغەی پلاستیک بڕیاری لێدراوە.
ئەگەر هەر هاوڵاتییەک تەنها یەک پەرداخ یا بوتڵی پلاستیک بەکاربهێنێ ئەوا ژمارەکەی دەبێتە نزیکەی نیوملیۆن پاشماوە تەنها بۆ ئاوی خواردنەوە.
ئەگەر قاپ و کەوچک، پەرداخی ئاو و چا خوارنەوە، پەرداخی شەربەت، قاپی میوەکان و چەتال و دەیان جۆری تر بەکاربهێنرێ ئەوە ژمارەکە دەچێتە چەندین ملیۆن پاشماوەی پلاستیک، ئەوە باسی کیسی نایلۆن ناکەین کە ئەویش لەو ڕێژەیە کەمتر نابێ.
ساڵانی پێشوو گرفتی گواستنەوەی پاشماوەکان یەکێک بوون لە گرفتەکان و بووە هۆی ڕژاندن و بڵاو بونەوەیان لە ناو پارکەکەدا، ئێمە بۆ ئەمساڵ پێشنیاری بەکارهێنانی درۆنی کشتوکاڵی دەکەین، پێشنیارمان کردووە سوود لە درۆنی کشتوکاڵی یان درۆنی بارهەڵگر وەربگیرێت، تاوەکو لەبری گواستنەوەی دەستی یان بە ئۆتۆمبێل لە ناو جەنجاڵی و قەرەباڵغیدا، پاشماوەکان لە شوێنە قەرەباڵغەکان ببرێنە دەرەوە، ئەو کاتە پڕۆسەی گواستنەوەکە خێرا تر دەبێ و ئاستەنگی بۆ دروست نابێ.
تەرخانکردنی تیم و چاودێری ژینگەیی زیاتر لەگەڵ دابینکردنی حاویە و سەلەی زیاتر بۆ جیاکردنەوە و کۆکردنەوەی خاشاک، تەنانەت ئەگەر کەلوپەلەکان دۆستی ژینگەش بن دەبێ کۆبکرێنەوە و ببرێنە دەرەوە.
دەکرێ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو، لە ڕێگەی بڵندگۆکان و شاشە گەورەکانی ناو فێستیڤاڵەکەوە بەردەوام ڕێنمایی ژینگەیی بوترێنەوە، شاشەکان بۆ دروشم و ڕێنماییە ژینگەییەکان و پەخشکردنی ڤیدیۆی هۆشیاری بەشێوەیەکی بەردەوام کاریان پێبکرێت، بەردەوام هاوڵاتیان ئاگادار بکرێنەوە کە پاشماوە فڕێنەدەن و دەکرێ چەندین کامێرای چاودێریش دابنرێ بۆ وێنەگرتنی سەرپێچیکاران هەم فرۆشیاران و دووکانداران، هەم سەردانیکاران.
پێشنیاری ئەنجامدانی پێشبڕکێ و خەڵاتکردنی ئەو فرۆشیارانەی کە بەشداریان کردووە، نەبوونەتە هۆکاری پیسکردن و نەبوونی پاشماوە لە شوێنەکانیان، یا ئەوانەی کە سەرجەم کەلوپەلەکانیان دۆستی ژینگەن، بۆ ئەم خاڵەیان ئێمە هاوکارین.
جەختکردنەوە لەسەر زیادکردنی ڕۆژەکانی فێستیڤاڵ (کە خۆشبەختانە ئەمساڵ ڕۆژێک زیاد کراوە) ڕێکارێکی گرنگە تاوەکو هەموو هاووڵاتییەک بتوانێت بەشداری بکات و ڕێگری لە قەرەباڵغی و جەنجاڵی هاتووچۆ بگرێت، ئەمەش دەرفەتێکە کە سەردانیکاران قەرەباڵغی درووست نەکەن.
دەکرێ لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، چەندین هۆکاری گواستنەوەی گشتی دابین بکرێ لە دەروازەی شار یا دەرەوەی شار دابنرێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ کەمترین ئۆتۆمبیلی تایبەت بێتە ناو شار هەموان دەزانن ساڵانی پێشوو یەکێک لە گرفتە گەورەکان بوونی هەزاران ئۆتۆمبیلی تایبەت بوو کە ئەمەش کێشە و گرفتی درووست کردبوو، ئەوە لایەنی ژینگە و پیسکردنی هەواش یەکێکە لە مەترسییەکانی تر.
پێویستە هەموو لایەک تێبگەن کاتێک کارگەی ڕیسایکڵ و مردەوەژێمان نییە، پاشماوەکانی فێستیڤاڵێک کە بۆ ٥۰۰ هەزار سەردانیکار لە ماوەی چوار ڕۆژدا پێشبینی دەکرێ، دەگاتە ملیۆنان بۆتڵ، کیسی نایلۆن و کەرەستەی سەفەری زیانی گەورە بە هەوا، خاک، سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، و گیانی باڵندە و ئاژەڵەکان دەگەیەنن، و کاریگەرییە خراپەکانیان تەنانەت لە دەرەوەی شوێنی فێستیڤاڵەکەش بەردەوام دەبن.
ئەم هەنگاوانە تەنها بۆ ناو پارک یان شوێنی فێستیڤاڵێک نین؛ بەڵکو ڕەنگدانەوەی کلتووری ژینگەپارێزی تەواوی کۆمەڵگەکەمانن، ئەگەر ئەم ڕێکارانە ببنە یاسا و نەریت لە سەرجەم چالاکییەکانی تردا، دەتوانین کەمترین زیان بە ژینگە و سرووشتی نیشتمانەکەمان بگەیەنین و مۆدێلێکی شایستە و بەردەوام پێشکەش بکەین.
*سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
