ئارامیی و سەقامگیریی.. ژیان و دروێنە بۆ زەوییە برنجەکانی ئامێدی دەگەڕێنێتەوە

لە گوند و دەشتاییەکانی قەزای ئامێدی، جارێکی تر ڕەنگی زەردی کێڵگەکانی برنج، دیمەنێکی جوانیان بە سرووشتی ناوچەکە بەخشیوە.

لە گەرمەی وەرزی دروێنەدا، دەنگی داسە کۆنەکان و گۆرانیی جوتیاران دەبیسترێت، کە نیشانەی زیندووبوونەوەی کشتوکاڵ و بەهێزیی گیانی هاوکاریی کۆمەڵایەتییە (کە بە هەرەوەزی دەناسرێت) لەنێوان گوندنشیناندا.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی گوهەرزێ لە ناحیەی دێرەلوک سەر بە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک، هەڵگورد موسا، لەناو کێڵگەی برنجەکەیەوە دەڵێت: “ئێمە لە سەرەتای مانگی ئایاردا دەست بە چاندنی برنج دەکەین و لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا دەست بە دروێنەکردنی دەکەین”.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کارە تەنها ئەرکی خێزانێک نییە، بەڵکو بە شێوازی “هەرەوەزی” ئەنجام دەدرێت.

وتیشی: “ئێمە ئەمڕۆ هەموومان لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم کێڵگەیە بدوورینەوە، لە گوندەکەماندا هەموومان هاوڕێ و دۆستی یەکترین و زۆربەی کاتەکان بە کۆمەڵ کار دەکەین، چونکە ئەم کارە بە تەنها ناکرێت و پێویستی بە دەستی زۆر هەیە.”

بۆ ماوەیەکی درێژ، زۆرێک لە کێڵگەکانی دەڤەری ئامێدی بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ئەمنی و شەڕ و پێکدادانەکان نەدەچێندران، هەڵگورد موسا ئاماژە بەوە دەکات چەندین ساڵ بوو نەماندەتوانی کێڵگەکانمان بکێڵین و بیچێنین، بەڵام دوای سەقامگیربوونی ئارامی و پڕۆسەی ئاشتی، بڕوا بۆ خەڵکی گوندەکە گەڕایەوە کە دووبارە دەست بە کارە کشتوکاڵییەکانیان بکەنەوە، جگە لەوەش، بارانبارینی باشی ساڵی ڕابردوو، بووە هۆی زیادبوونی ئاوی کانی و سەرچاوە ئاوییەکان، کە ئەمەش فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ سەرکەوتنی بەرهەمی ئەمساڵ”.

قەهار عوسمان، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە، باس لە جۆری برنجی ئامێدی دەکات و دەڵێت ناودارترین جۆریان “برنجی ڕیتکەی درێژ”ە. قەهار پرۆسەی کارکردنەکە بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: “دوای ئەوەی بە داس و بە شێوەی هەرەوەزی برنجەکە دەدوورینەوە، دەیبەینە سەر بانەکان یان لەسەر نایلۆنی گەورە ڕایدەخەین، بۆ ماوەی سێ بۆچوار ڕۆژ لەبەر هەتاو دەمێنێتەوە تا بەتەواوی وشک دەبێتەوە، پاشان دەبرێتە کارگەی برنج بۆ ئەوەی سپی بکرێت و ئامادەی خواردن بێت.”

سەبارەت بە نرخەکەشی، قەهار ئاماژەی بەوە کرد کە برنجی کوردی خواستێکی زۆری لەسەرە، نرخی هەر کیلۆیەک لەنێوان سێ بۆ چوار هەزار دیناردایە، و ئەگەر بەرهەمەکە لە پێداویستی خۆیان زیاتر بێت، دەیفرۆشن و وەک داهاتێک بۆ بژێوی خێزانەکانیان بەکاری دەهێنن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک، ئەمساڵ گەشەکردنێکی بەرچاو لە چاندنی برنجدا بینراوە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە نزیکەی ٢٤ هەزار دۆنم زەوی بە برنج چێندراوە و پێشبینی ده‌كرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە زیاتر ٤٠ هەزار تۆن برنج، کە ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ ئابووریی ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە