دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەگەری ئەنجامدانی ھێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل و ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، تاوتوێ کردووە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە کە ئەم بابەتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ، لە ھەفتەی ڕابردوودا، گفتوگۆی لەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، لە پەیوەندییەکەدا ئەگەری ئەنجامدانی ھێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، پێش ھەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، تاوتوێ کراوە.
سەرچاوەکان ھەروەھا ئاشکرایان کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان دەربڕیوە؛ ئەو زانیارییانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران ھەنگاو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەنێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بابەتی ئێران و ئەگەری ھەنگاوی سەربازیی نوێ، لە کاتێکدا خراوەتە بەر گفتوگۆ کە ھەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە پێشەوەن. بەڵام تاوتوێکردنی ئەگەری ھێرش بە مانای ئەوە نییە کە بڕیارێکی کۆتایی بۆ ئەنجامدانی ھێرش دراوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل لە ٢٧ی ئەم مانگە و ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ٣ی تشرینی دووەمی داھاتوو بەڕێوەبچن.
