زەیدی: لەدۆخێکی سەختدا مووچەمان دابین کردووە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم پەرلەمان: لە بارودۆخێکی سەختدا توانیومانە مووچە دابین بکەین.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە وتارێکیدا لەبەردەم پەرلەمانی عێراق ڕوونکردنەوەی وردی لەبارەی دۆخی دارایی و ئابوریی وڵات خستە ڕوو و جەختی کردەوە که‌ حکومەت لە قەیرانەکاندا توانیویەتی هاوسەنگی ڕابگرێت. و وتی” لە ڕابردوودا جیاوازیی نرخی دۆلار دەکەوتە دەستی بازرگانەکان و مامەڵەکارانەوە”.

زەیدی رایگەیاند، لە سەرەتای قەیرانەکەدا سێ بژاردە لەبەردەمماندا هەبوون: یەکەم، پەیڕەوکردنی پاشەکەوتی ناچاری و هێشتنەوەی مووچەخۆر لەژێر کاریگەریی بەڵێنەکاندا؛ دووەم، دابەشکردنی مووچە لە ماوەی هه‌ر ٤٥ ڕۆژ جارێکدا؛ و سێیەم، په‌نابردن بۆ قەرز و قورسکردنی بارگرانیی سەر داهاتی وڵات، کە سەرەڕای قورسییەکەی، حکومەت توانی مووچە دابین بکات.

زەیدی ڕایگەیاند، کە کابینەکەی لە کاتێکدا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست کە ئابوریی وڵات بەهۆی پچڕانی هەناردەی نەوت و داخستنی تەنگاوی هورمزەوە ڕووبەڕووی گەمارۆ و ئاستەنگ بووەوە، لە کاتێکدا قەبارەی قەرزی گشتی گەیشتووەتە سەروو ٢٠٨ تریلیۆن دینار و مانگانەش پێویستە حکومەت ١٠ تریلیۆن دینار بۆ دابینکردنی مووچە دابین بکات.

ڕوونیشیکردەوە، مانگی داهاتوو شایستە داراییەکانی جووتیاران و کۆمپانیاکانی جێبەجێکار دوو هێندە دەکرێت، هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوامە و ڕۆژی شەممەی داهاتووش بەردی بنچینەی پڕۆژەی قطعە سەکنە (پارچە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون) لە پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف و نەینەوا دابنرێت.

 لە کۆتاییدا زەیدی جەختی لەوەکردەوە، کە هەندێک لایەن هەوڵیان داوە بۆ دروستکردن و قووڵکردنەوەی کەلێن لە نێوان حکومەت و چین و توێژە جیاوازەکانی گەلدا، بەڵام حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەکید و ئەرکەکانی بەردەوام بووە.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی نرخی نوێی دۆار ڕایگەیاند، سەرکردەی هێزە سیاسییەکان بەو بریارە ڕازین و هیچ گەڕانەوەیەک لە گۆڕینی نرخی دۆلار نابێت و بەو نرخە نوێیە جیگیر دەبێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە