هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ئاگادارییەکی لەبارەی گەڕانەوەی کەشی ناسەقامگیر بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە درەنگانی ئەمشەو و سبەی هەینی (٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچەکان دەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەشناسە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەم شوەیە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەبێت، و لە کاتی خۆرهەڵاتنی ڕۆژی هەینییەوە تا پێش نیوەڕۆ، بارانبارین لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێم، سنووری پارێزگای دهۆک، موسڵ و زاخۆ دەست پێدەکات.
ئەوەشی ڕوونکردەوە، کاریگەرییەکە دەگاتە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سۆران، ئیدارەی ڕاپەڕین، کۆیە، دەوروبەری و کەرکوک.
لەبارەی بردەوامی شەپۆلەکە، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی ڕایگەیاند، لە کاتەکانی ئێوارەدا بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە، و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ هەیە، لە کاتێکدا لە ناوچە دەشتاییەکاندا شێوەی بارانەکە لە نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەگۆڕێت.
هەروەها پێشبینی دەکرێت خێرایی با مامناوەند بێت، پلەکانی گەرما (٢ بۆ ٣) پلەی سیلیزی دابەزن، و شەپۆلەکەش لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەدا کۆتایی پێ بێت.
