ژووری بازرگانیی سلێمانی لەبارەی گۆڕانکاریی نرخی دۆلارەوە هۆشداری دەدات و داوایەکی بەپەلە ئاراستە دەکات
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بەیاننامەیەکی لەبارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری و بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراقەوە بڵاو کردەوە و نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بازاڕ و بژێوی هاووڵاتییان دەربڕی.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە که بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکانی کاڵا و شمەکە هاوردەکراوەکان دەبێت و بارگرانییەکەی زیاتر لەسەر شانی هاووڵاتییان دەکەوێت. ژووری بازرگانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەمیشە داوای پاراستنی هاوسەنگیی نرخی دۆلاری کردووە بۆ ئەوەی بازاڕ سەقامگیر بمێنێت.
سەبارەت به دۆخی بازرگانانیش، ژووری بازرگانیی سلێمانی داواکارییەکی فەرمی ئاراستە دەکات و دەڵێت:
داوای ڕێکاری تایبەت: داوا دەکرێت بۆ ئەو بازرگانانەی کە پێش دەرچوونی بڕیارەکە کاڵاکانیان کڕیوە و مامەڵەکانیان دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا حەواڵەکردنی پارەکانیان تەواو نەکراوە، ڕێکارێکی تایبەت دابین بکرێت.
حەواڵە بە نرخی پێشوو: پێویستە حەواڵەی دارایی ئەم بازرگانانە بە نرخی پێشووی دۆلار، واتە (١٣٢٠) دینار بۆ هەر دۆلارێک ئەنجام بدرێت، بەم شێوەیە ڕێگری لە زیانی گەورەی دارایی بە بازرگانانی ناوخۆ دەگیرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دووپاتی کردەوە که لە ڕێگەی هەموو کەناڵە فەرمییەکانەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دادپەروەرانە، بە جۆرێک کە لە لایەک بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان کەم بکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندیی بازرگانانی ناوخۆ بکات.
