سۆنی خۆی بۆ پەرەپێدانی دوو ئامێری نوێی پلەیستەیشنی گەڕۆک ئامادە دەکات.
لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا، کۆمپانیای سۆنی ئامێرێکی گەڕۆکی بە ناوی «پلەیستەیشن پۆرتال» خستە بازاڕەوە کە ڕێگەی بە بەکارهێنەران دەدا یارییەکانی ناو ئامێری «پلەیستەیشن ٥» لە ڕێگەی ستریمینگەوە ئەزموون بکەن. ئێستاش بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی «ذا فيرج»ی تەکنەلۆژی، بەڵگەنامە نوێیەکانی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکەن کە سۆنی خۆی بۆ پەرەپێدانی دوو ئامێری گەڕۆکی نوێ ئامادە دەکات.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی ستانداردەکانی وای-فای پێشکەش کراون، ئامێرە نوێیەکان هەمان ناوی ڕەمزیی پۆرتال بەکاردەهێنن و سیستەمی «ئاندروید ١٥» بەکار دەهێنن. شارەزایانی تەکنەلۆژیا پێیان وایە کە ئەم ئامێرە نوێیانە نەوەی نوێی ئامێرەکانی ستریمینگ و پۆرتال دەبن، نەک کۆنسۆلێکی سەربەخۆی یاریی ڤیدیۆیی. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئامێرەکانی پەخش و ستریمینگ پێویستیان بە چارەسەرکەر و یادگەی زۆر بەهێز نییە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە جیهانی تەکنەلۆژیا بە قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی یادگەکاندا (RAM) دەگوزەرێت.
لە لایەکی ترەوە، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە ڕەنگە پرۆسەی خستنەبازڕی کۆنسۆلی داهاتووی سۆنی واتە «پلەیستەیشن ٦» لە ساڵی ٢٠٢٧ـەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٨ یان زیاتر دوا بکەوێت. هۆکاری سەرەکیی ئەم دواکەوتنەش بۆ قەیرانی کەمیی یادگەکان دەگەڕێتەوە کە نرخی پێکهاتەکانی گران کردووە، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت نرخی پلەیستەیشن ٦ لە هەزار دۆلار تێپەڕێت.
