سوپای یەمەن رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی زنجیرەیەک هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە هەزار و 540 چەکداری حووسی کوژران و بریندار بوون و دەیان ئامێری سەربازیش تێکشکێنران.
ماجد نەزیلی، وتەبێژی سەربازیی سوپای یەمەن، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هێزە چەکدارەکانیان لەو ماوەیەدا 474 هێرش و ئۆپەراسیۆنی وردی ئاسمانی، درۆن، تۆپخانە و مووشەکیان دژی پێگە، جووڵە و پاشکۆ سەربازییەکانی حووسییەکان ئەنجامداوە.
ئۆپەراسیۆنەکان سەرجەم بەرەکانی جەنگیان لەوانە حەڕز، ساحل، کەتاف، جۆف، مەئریب، بەیدا، لەحج، سەنعا و سەعدە گرتووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، چڕترین هێرشەکان لە بەرەکانی تەعز بوون.
سوپای یەمەن باسی لەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەزار و 540 چەکداری حووسی کوژران و بریندار بوون، هەروەها 216 ئامراز و توانای سەربازیی ئەو میلیشیایانە تێکشکێنراون یان لەکارکەوتوون. هێزەکانی حکوومەت توانیویانە تەواوی هەوڵەکانی حووسییەکان بۆ شکاندنەوە و پێشڕەویی لە بەرەکانی تەعز پووچەڵ بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزی ئاسمانیی یەمەن کاروانێکی چەک و لۆجستیکی میلیشیای حووسیی کردووەتە ئامانج کە بەرەو چیای راسن لە ناوچەی وازیعییە بەڕێوە بوون. سوپا جەختیکردەوە، هەر جووڵە و پاشکۆیەکی سەربازیی ئەو میلیشیایانە لە سەرجەم بەرەکاندا دەکرێنە ئامانج و لەناودەبرێن.
گرژی و پێکدادانە سەربازییەکان لە نێوان هێزە حکوومییەکان و حووسییەکان لە چەندین بەرەی جەنگدا بە شێوازێکی بەرچاو پەرەیان سەندووە و توندترین پێکدادانیش لە پارێزگای تەعز بەڕێوەدەچێت.
