ئێران داوای ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە عێراق کردووە سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان هەردوو وڵات هەڵبگرێت و بڕیاری گونجاو بۆ گەڕانەوەی هاتوچۆی ئاسمانی بۆ دۆخی ئاسایی بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا سزاکانی ئەمریکای بەرامبەر ئێران بە نایاسایی و نامرۆڤانە ناوبردووە و وتوویەتی سنووردارکردنی هاتوچۆی فڕۆکەوانیی مەدەنی پێچەوانەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کەمکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان کاریگەری لەسەر هەزاران زیارەتکار، نەخۆش، خوێندکار و چالاکی ئابووری داناوە. تاران هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی، ئایینی و کولتوورییەکانی نێوان گەلانی ئێران و عێراق کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە بە ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی عێراق، پێویستە سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەڵبگیرێت و هاتوچۆی ئاسمانی بۆ دۆخی ئاسایی بگەڕێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە