وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لە پڕۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای داناغاز کە لە ماوەی مانگێک بەڕێوەدەچێت، بەهیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی غازی ماڵان دروست ناکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە لە پڕۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای داناغاز کە لە ماوەی مانگێک بەڕێوەدەچێت، بەهیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی غازی ماڵان دروست ناکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستادا بڕی بەرهەمهێنانی غاز640 ملیۆن پێ سێجایە لە چاکسازییەکەدا بڕی بەرهەمهێنانی غاز دەبێتە 520 ملیۆن پێ سێجا، بەمەش بڕی کەمبوونەوەی غازەکە کەمە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر غازی ماڵان نابێت.
پێشتر وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بوو کە بەهۆی دەستپێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆری کۆمپانیای دانا غاز، ماوەکانی دابینکردنی کارەبا بۆ هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی بۆ ماوەیەک کەم دەکرێنەوە.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاوبەشانی کارەبای ئاگادار کردووەتەوە کە کۆمپانیای دانا غاز لە ماوەی مانگێکدا کە لە سبەینێوە تا 2ی 11 بەردەوام دەبێت، دەست بە پرۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چەند کاتژمێرێک لە کاتەکانی دابینکردنی کارەبا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیدا، تا ئەوپەڕی توانایان کەم بکرێتەوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی چاکسازیی کێڵگەی کۆرمۆر ساڵانە لەم مانگەدا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بۆ ئەوەی کاریگەرییەکەی لەسەر کاتەکانی دابینکردنی کارەبا کەمترین ئاست بێت.
وەزارەت جەختی لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووەتەوە، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی پرۆسەی چاکسازییەکە بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکانی لەسەر هاوبەشانی کارەبا کەم بێت.
