دوو ملیۆن فەردە ئارد بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت

کۆمپانیای گشتیی دروستکردنی ئارد لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تەواوبوونی ئامادەکاری و دابەشکردنی نزیکەی دوو ملیۆن فەردە ئاردی بەسەر بریکارەکانی بەشەخۆراک لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند، هاوکات ئاشکرای کرد کە زەنگی ئاگادارکردنەوەیان بۆ هەندێک لە ئاشەکان لێداوە بەهۆی تۆمارکردنی سەرپێچیی کوالێتییەوە.

د. حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا کە، تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنان و کۆگاکردن و دابەشکردنی ئارد بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت. جەختیشی کردەوە کە تیمەکانیان شەو و ڕۆژ لە ڕێگەی گەڕانی مەیدانییەوە چاودێریی هێڵەکانی بەرهەمهێنان دەکەن تا کۆنتڕۆڵی کوالێتی ئاردی سەر سفرەی هاووڵاتییان بکەن.

لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکاندا، تیمەکانی کۆنتڕۆڵی جۆری بە شێوەیەکی لەناکاوی سەردانی پارێزگاکانی سەلاحەدین و بابلیان کردووە و نموونەی بایۆلۆجییان لە ئاردی بەرهەمهێنراو وەرگرتووە تا لە تاقیگە تایبەتمەندەکاندا پشکنینی وردی تەندروستییان بۆ ئەنجام بدەن.

لەلایەکی ترەوە، تیمە چاودێرییە هاوبەشەکان کۆنتڕۆڵی پرۆسەی بەرهەمهێنانیان لە ئاشەکانی کەرکووک، دیوانییە، کەربەلا، واسیت و بەسڕە کردووە، بەپێی زانیارییەکان، لە پارێزگای میسان ڕاستەوخۆ دەست بەسەر دوو سەرپێچیی جۆریدا گیراوە لە چەند ئاشێکدا. گەرعاوی روونی کردەوە کە تەواوی ئاشە سەرپێچیکارەکان ڕەوانەی لیژنە یاساییەکان کراون بۆ جێبەجێکردنی سزای توند و ڕێکاری قانونی بەرامبەریان.

وەزارەتی بازرگانی جەخت دەکاتەوە کە ڕێگە بە هیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک نادات و ڕێکارە چاودێرییە مەیدانییەکان بەرامبەر ئاشەکان توندتر دەکات، تا دڵنیا بێتەوە لەوەی ئاردی شیاو و بەکوالێتیی بەرز بەدەست تەواوی هاووڵاتییان دەگات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە