کۆتایی هاتنی شەپۆلی گەرما؛ ساردبوونەوەی کەشوهەوا و ئەگەری بارانبارین لە عێراق و هەرێمی کوردستان
کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوو لە گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکات و سەرەتای کۆتایی هاتنی وەرزی گەرما ڕادەگەیەنرێت. شارەزایانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سبەی سێشەممە ٢٩ی ئەیلوولەوە، پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە بڕی ١٠ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و ئەمڕۆش وەک کۆتا ڕۆژی گەرما لە سەرتاسەری وڵات هەژمار دەکرێت.
زەکەریا کانی پاشایی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی مانگی تشرینی یەکەمەوە (١ی ١٠)، بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستەوە، پلەکانی گەرما زیاتر دابەزن و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکەی توند دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ڕۆژانی ٢ و ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ئاستی بارانبارین فراوانتر دەبێت و دەگاتە سەنتەری شارەکانیش، کە ئەمەش بە یەکەم دەستپێکی باران و سەرما لە وەرزی نوێدا هەژمار دەکرێت و کاتی دەرکردنی قەمسەڵە و پۆشاکی زستانەیە.
ڕوونیشیکردەوە، لە یەکی مانگەوە قۆناغێکی نوێی بارانی کەم و خۆڵبارینی ناوخۆیی دەست پێدەکات، بۆیە پێشنیار دەکرێت هاووڵاتییان تاوەکو کۆتایی ئەم شەپۆلە دەست بە پاککردنەوەی ماڵ و پەنجەرەکان نەکەنەوە.
لە نزیکبوونەوەی کاتی شەپۆلەکاندا، وردەکاریی زیاتر لەسەر ناوچەکان و بڕی بارانبارین بڵاو دەکرێتەوە.
