تیمێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە بودجە و شایستەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا و هاوكات شاندێكی وەزارەتی شەهیدانیش بۆ پرسی مووچەی زیندانیانی سیاسی و شەهیدان و ئەنفالكراوان دەچێتە بەغدا.
میدیاكانی پارتی بڵاویانكردەوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە تیمێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بچنەوە بەغدا و تیمەكە لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی دارایی پێكهاتوون و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر پرسی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2027 و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە.
چوارشەممەی ڕابردووش هەمان تیم سەردانی بەغدایان كرد و ڕۆژی پێنج شەممە لەگەڵ تیمی وەزارەتی دارایی عێراق كۆبوونەوە و كۆبوونەوەكە پێنج كاتژمێری خایاند و هەمان ڕۆژیش گەڕانەوە.
لای خۆشیەوە، ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لەوەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاندووە: “ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکات.”
وتیشی: “ئامانجەکە گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق، ئەمەش بەمەبەستی هاوتاکردنی مووچەکانیان.”
ئامانجێکی دیکەی شاندەکە “هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانە لەگەڵ مووچەی کەسوکاری شەهیدان لەعێراق”.
شاندەکە بەسەرۆکایەتیی عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دەستەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق کۆببێتەوە.
