كاتی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان ڕاگەیەنرا

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێکارەکانی دابینکردنی نەوتی دەستپێکردووە و بڕیارە لە مانگی 10ـەوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت و نەوتفرۆشێك دەڵێت: نەوت مەكڕن هەرزان دەبێت.

سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بێت، هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێدەدرێت، ئەگەر گۆڕانکاری ڕووبدات لەلایەن وەزارەتەوە ئاگاداردەکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا وەزارەت دەستی بە ڕێکارەکانی دابینکردنی نەوت کردووە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی 10ـەوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

گرانی نرخی نەوت و بەنزین لە هەرێمی كوردستان بۆتە جێگەی ناڕەزایی هاووڵاتیان، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان خاوەنی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوە و ڕۆژانە هەناردەی دەرەوە دەكرێت و جگە لە پاڵێوگە بچووكەكان، سێ‌ پاڵێوگەی گەورەی سووتەمەنیش هەیە.

ڕزگار، كە كاری فرۆشتنی نەوتی سپی ماڵان دەكات بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی نەوت كەمێك دابەزیوە و ئەگەر حكومەت دەست بە دابەشكردنی بكات بەسەر هاووڵاتیاندا نرخەكەی زیاتر دادەبەزێت.

وتیشی، “نرخی بەرمیلێك نەوت لە هەولێر لە 325 هەزارەوە بۆ 300 هەزار دابەزیوە و لە سلێمانیش نرخەكەی دابەزیوە بۆ 275 تا 280 هەزار دینار”.

بەهۆی نزیکبوونەوەی نووسراوی ڕێگەپێدانی هاوردەکردن و دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی حکومەت چاوەڕوان دەکرێت نرخەکەی بۆ نزیكەی 200 هەزار دینار دابەزێت.

جەختیشی كردەوە، بەدەستپێكی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی نەوتی سپی، نرخەكەی زۆر دادەبەزێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان پەلە نەكەن لە كڕینی نەوت.

میدیاكانی پارتی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویانكردەوە: ” سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی لەلایەن بەغداوە نەنراوە بۆ دابین كردنی نەوتی پێویست بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردن دەستپێدەكات، بەڵام گوشار و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردنی وەرزی سەرما، نەوت بۆ سەرجەم خێزانەكان دابین بكرێت و بەسەریان دابەش بكرێت”.

ئاماژە بەوەش دەكرێت، شێوازی دابەشكردنی نەوتەكە، بە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنیی سووتەمەنی دەبێت و هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی پێ دەدرێت. نرخی ئەو بڕە نەوتەش 105 هەزار دینار دیاری كراوە، وەك تێچووی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەكان”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە