پشتوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) رایگەیاند، “بەپێی پێشبینیە سەرەتاییەکان لە رۆژانی کۆتایی ئەم مانگە و رۆژانی سەرەتای مانگی 10 لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان یەکەم باران دەبارێت”.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) کۆتاییهاتنی وەرزی گەرمای ئەمساڵی ڕاگەیاند و پێشبینی دەکات پاییزێکی پڕ باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکات، هاوکات هۆشداریش لە ئەگەری دروستبوونی لافاو دەدات.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی کشانەوەی نزمەپەستانی وەرزیی زەریای هیندی، کە هۆکاری سەرەکیی گەرما توندەکانی هاوینە، شەپۆلەکانی گەرما لە عێراق و هەرێم کۆتاییان هاتووە. سەبارەت بە ڕۆژانی داهاتووش، کاریگەریی شێی دەریای ناوەڕاست دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا پلەکانی گەرما جێگیرن، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگدا بەهۆی هاتنی بەرزەپەستانێک لە چینەکانی سەرەوەی هەوادا، ئەگەری هەیە بەشێوەیەکی کاتی (١ بۆ ٢ پلە) بەرزببنەوە و دواتر ڕوو لە دابەزین دەکەنەوە.
دەشڵێت: لە ١٥ بۆ ٢٠ی مانگ نزمەپەستانێکی دەریای ناوەڕاست کار دەکاتە سەر بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم و مانگی ١٠ پاییزێکی پێشوەختە و پڕ داباران چاوەڕوان دەکرێت، کە تێیدا پەڵە لە زۆرینەی ناوچەکان دەدات. هیچ مەترسییەک بۆ وشکەساڵی نییە، بەڵام پێشبینی دروستبوونی لافاوی گەورە لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.
