کەشتییەکی نەوتهەڵگر لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق و لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری فاو بە درۆن کرایە ئامانج و ئاگری گرت، بەڵام ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و پیسبوونی ژینگەیی لێ نەکەوتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، کەشتییەکە هەڵگری 2 ملیۆن بەرمیل لە سووتەمەنی عێراقی بووە لە کاتی هێرشەکەدا، پاش کەوتنەوەی ئاگرەکەش بەلەمەکانی فریاگوزاری عێراق دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانیویانە ئاگری سەر کەشتییەکە بە تەواوی بکوژێننەوە.
هاوکات دەستەی دەریایی بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە، کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری فاو کەشتییەکە بە درۆن پێکراوە، بەڵام هیچ برینداربوونێکی لەنێو دەستەی کەشتییەکە و هیچ ئاستێکی پیسبوونی ژینگەیی دەریایی لێ نەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و هۆکارەکانی هێرشەکە دەکەن.
