لە رووداوێکی هاتووچۆی قورسدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە لەسەر رێگای گەلی عەلی بەگ روویدا، کوڕ و دایکێک گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
ئەمڕۆ یەک شەممە، لەسەر رێگای گەلی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و پیکابێک پێکیاندادا و بوونەتە هۆی ڕووداوێکی هاتوچۆی سەخت.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە گەنجێک بوو بە ناوی (ئوسامە سالم ستونی) گیانی لەدەستدا. هەروەها دوو کەسی دیکە بریندار بوون، کە یەکێکیان دایکی گەنجەکە بوو.
پاش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، دایکە تەمەن ٦٠ ساڵەکە کە ناوی (عاتف ئەبابەکر ستونی) بوو گیانی لەدەستدا و شۆفێری پیکابەکەش کە بارێک تەماتەی بۆ هەولێر هەڵگرتبوو، بریندار بووە.
