قایمقامیەتی دەربەندیخان کاتی کارکردنی سەرتاشخانەکانی دیاری کرد؛ لە سلێمانیش دەنگدان بۆ هەمان مەبەست ئەنجامدرا.
قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان بە بڕیارێکی فەرمی کاتی کارکردنی سەرتاشخانەکانی سنوورەکەی دیاری کرد، کە لە ڕێککەوتی ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ەوە جێبەجێ دەکرێت. بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە زیاتر لە ٩٠٪ی سەرتاشەکانی قەزاکە داواکارییان پێشکەشی قایمقامیەت کرد بۆ ڕێکخستنی کاتی کارکردن و پشوویان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کاتی کارکردنی ڕۆژانەی سەرتاشخانەکان لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانییەوە تاوەکو بانگی عیشا دەبێت، و ڕۆژانی هەینیش سەرتاشخانەکان دادەخرێن و پشوو دەبێت. قایمقامیەت هۆشداری داوە کە هەر سەرتاشخانەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، ڕووبەڕووی داخستن و سزای دارایی (پێبژاردن) دەبێتەوە.
زمناکۆ قادر، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی دەربەندیخان، ڕایگەیاند کە لە شارۆچکەی دەربەندیخان نزیکەی ٦٠ سەرتاشخانە هەن و زیاتر لە ١٢٠ سەرتاش کاریان تێدا دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە بەیانیاندا کارکردنی سەرتاشخانەکان خاو بووبووەوە، کەمتر دەرگایان دەکردەوە و کاتی کارکردن و پشوویان دیار نەبوو. لە کۆتاییدا، قایمقامیەت داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە کاتی بوونی هەر سەرپێچییەکدا لیژنەکانی قایمقامیەت ئاگادار بکەنەوە.
پەیوەست بە هەمان بابەت، ڕۆژی شەممە لە شاری سلێمانی پرۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی کاتی کردنەوە و داخستنی سەرتاشخانەکان بەڕێوەچوو. لە ئەنجامدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا کە کاتی کارکردن ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانییەوە تاوەکو ٨:٠٠ی شەو بێت و ڕۆژانی هەینیش سەرتاشخانەکان دابخرێن.
