شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بارستە هەوایەکی نیمچە فێنک ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە، بەڵام دواتر دووبارە پلەكانی گەرما بەرزدەبێتەوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی ڕەوشی کەشوهەوا مەودای 8ی مانگ بۆ 11ی مانگ لەو مەودایەدا بارستە هەوایەکی نیمچە فێنک ڕوودەکاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
ڕاشیگەیاند، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بە ڕێژەی 3 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان مەودای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە هەندێک کات بای ڕۆژئاوا چالاک دەبێت، هەندێ کات باکە بەهێز دەبێت.
جەختیشی كردەوە، نزمبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ماوەیەکی کاتیە و دواتر بۆ ماوەیەکی کاتی دووبارە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، بەڵام ئەوەندەمان نەماوە ئەم گەرمای ئەم ماوەیەش کۆتایی بێت و بارانی زۆرمان لە پێشە.
