قەیرانی بەنزین لە عێراق بەردەوامە و حکومەتیش دەڵێت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین

قەیرانی بەنزین لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامە و وەزارەتی نەوتیش دەڵێت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین.

سەلیم ڕیکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند وەزارەتەکەیان بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵ دەدات تەواوی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دابین بکات و ڕوونیکردەوە کە عێراق بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ڕۆژانەی بەنزین، کە دەگاتە نزیکەی ٥ ملیۆن لیتر، پشت بە هاوردەکردنی بەنزین لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە دەبەستێت؛ لە کاتێکدا بەکارهێنانی ناوخۆیی لە وەرزی هاویندا بەرز دەبێتەوە و دەگاتە نزیکەی ٣٥ ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا.

ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراقیش بڵاویکردەوە کە جەنگی ناوچەکە و ئەو ئاڵۆزییە ئەمنی و لۆجستییانەی هەن، وایان کردووە گرێبەستە دەرەکییەکان بە زەحمەت ئەنجام بدرێن و وەزارەتی نەوت ئێستا تەنها پشت بە یەک کەشتیی گواستنەوە دەبەستێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کەمبوونەوەیەکی کاتی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەنێوان هەر گەشتێک و گەشتێکی دیکەدا. لە بەرامبەردا، بەهۆی ڕێنماییەکانی وەزیری نەوت لە ڕێگەی خانەی قەیرانەوە، هەوڵ دەدرێت لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە گرێبەست بکرێت بۆ ئەوەی دابینکردنی بەنزین بە شێوەیەکی بەردەوام بڕوات.

ئەوەشی خستەڕوو کە قەیرانەکە تەنها لە دەرەوەی وڵات سنووردار نییە، بەڵکو دەگاتە ناو کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆش. شارەزای ئابووری، دورەید عەنەزی، ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەکە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ئاستی بەنزینی کۆگاکراو و ناسەقامگیری لە پرۆسەکانی پاڵاوتنەوەی نەوت و سنوورداربوونی توانای هەڵگرتن و کۆگاکردنی بەنزینەوە هەیە.

ئەو پێشنیازی چارەسەری خێرای کردووە، لەوانەش گرێبەستکردن لەگەڵ پاڵاوتگە ناوچەییەکان بۆ دابینکردنی ٢٠٠ تا ٢٥٠ هەزار بەرمیل بێت.

لای خۆشیەوە یەحیا خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بەنزینەی دەگاتە پایتەخت بە زەحمەت دەتوانێت پێداویستییەکان دابین بکات، لەگەڵ بوونی کەمبوونەوەیەکی ئاشکرای لە بەنزین.

ئەم بارودۆخە وای کردووە دەسەڵاتی یاسادانانیش هەنگاو بنێت. قەیسەر جۆرانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان، ڕایگەیاند کە لیژنەکە نیازی هەیە بەڕێوەبەرانی هەردوو کۆمپانیای پاڵاوتنەوەی ناوەڕاست و باشوور بانگهێشت بکات، بۆ ئەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان بزانرێت و کێشەی پلاندانان و دابەشکردن لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە