نرخی نەوتی سپی هەرزان دەبێت

دابەشكردنی نەوتی لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەكات و نرخەكەی لە بازاڕدا، كە هاوینی ئەمساڵ گەیشتە نرخێكی نائاسایی، دادەبەزێتەوە.

سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستی پێنەکردووە، بەڵام چاوەڕی دەکرێت لە مانگی 10دا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رێنماییەکانی دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو (کە ساڵانی رابردوو 200 لیتر بە 104 هەزار دینار بوو) رابگەیەنێت.

وتیشی، “بەمەش نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا دادەبەزێت، بۆیە لە ئێستادا واباشترە نەوت نەکڕن”.

لە ئێستادا، نرخی سووتەمەنی هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سپیی ماڵان لە بازاڕەکاندا 250 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.

لای خۆشیەوە، بەختیار، كە كاری فرۆشتنی نەوت دەكات بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوت بەپێی جۆرەكەی لەنێوان 240 بۆ 250 هەزار دینارە و لەچاو ساڵی ڕابردوو زۆر گرانە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان پەلە نەكەن لە كڕینی نەوتی سپی.

ڕاشیگەیاند، هۆكاری گرانی نەوت بۆ قەیرانی سووتەمەنی و نەبوونی نەوت دەگەڕێتەوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی سپی دەستپێبكات و هاوكات وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، نووسراوی فەرمی بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی و هاوردەی نەوت لە شارەكانی عێراق و وڵاتانی تر دەكات.

جەختیشی كردەوە، بەدەستپێكی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی نەوتی سپی، نرخەكەی زۆر دادەبەزێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان پەلە نەكەن لە كڕینی نەوت.

بە وتەی ئەو نەوتفرۆشە، لەكاتی دەستكردن بە دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەسەرەتای مانگی 10دا و هاتنی نیو بەرمیل نەوتە هەرزانەكەی عێراق، كە بە 31 هەزار دینار بوو، ئەوا نرخی نەوت بەتەواوی هەرزان دەبێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە