“پرسی کورد لە تورکیا و سووریا جیا ناکرێتەوە”

مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتی سووریا رایگەیاند، کورد بووەتە یەکێک لە پێکهاتە دامەزرێنەرەکانی سووریا بە ناسنامەی خۆیەوە و پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە- لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بە مانای خۆڕادەستکردن نایەت.

مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ئیلکە تی ڤی”ـی تورکیا، تیشکی خستە سەر قۆناغی نوێی سووریا و پرسی زمانی کوردی و مافە دەستوورییەکانی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا.

عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا، منداڵان لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانکۆ دەیانتوانی بە زمانی کوردی بخوێنن، لە کاتێکدا ئەو مافەی خوێندن بە زمانی کوردی کە ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە دانی پێدانراوە، لەچاو ئەزموونی رۆژئاوادا هەنگاوێکە بۆ دواوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت دوای چەندین ساڵ قەدەغەکردن، دانپێدانانی سنووردار بە زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەی دەوڵەتدا پێشهاتێکی مێژووییە.

“لەبەر زمانی کوردی هەفتەیەک دەستبەسەر کرام“

مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان بە رەوا دەزانێت و وتی، پرسی زمانی کوردی تەنیا بە هەڵوێستی هەندێک لایەنی ناوخۆی سووریا لێک نادرێتەوە، بەڵکو هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەیە.

جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کورد لەسەر پاراستنی ئیرادەی خۆی لەبارەی زمانی دایکییەوە بەردەوام بێت.

عەبدی باسی لە ئەزموونی خۆی کرد و وتی: “کاتێک تەمەنم 13-14 ساڵان بوو، بەهۆی کتێبی کوردییەوە هەڵیانکوتایە سەرم و نزیکەی هەفتەیەک دەستبەسەر کراوم.”

مافە دەستوورییەکانی کورد

سەبارەت بە مافە دەستوورییەکانی کورد، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، قۆناغی ئامادەکردنی دەستوور لە داهاتوودا بۆ کورد چارەنووسساز دەبێت.

وتیشی: “هێشتا خشتەیەکی کاتی دیاریکراو نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا کۆمیسیۆنێکی ئامادەکاریی دەستوور پێکبهێندرێت.”

ئەو سەرکردە کوردەی رۆژئاوا خواستی خۆی نیشاندا کە نوێنەرانی کوردیش لەو کۆمیسیۆنەدا جێبگرن و ئاماژەی بە رێککەوتننامەکانی 10ـی ئادار و 29ـی کانوونی دووەم دا کە بڕیارگەلێک سەبارەت بە کورد و زمانی کوردی دراون و لە فەرمانە سەرۆکایەتییەکانیشدا مافەکانی کورد رێکخراوە، بەڵام بە هەمیشەییکردنی هەموو ئەم دەستکەوتانە، پێویستی بە گەرەنتیی دەستووریی هەیە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا

مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا کرد و وتی، “ناتوانرێت بە جیا هەڵسەنگاندن بۆ پرسی کورد لە تورکیا و سووریا بکرێت، هەردوو دۆسیەکە ماوەیەکی درێژە کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە.”

ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا لە رابردوودا هەسەدەی وەک بەشێک لە هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینی و ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قۆناخێکی پڕ لە پێکدادان، بەڵام پرۆسەی چارەسەریی ئێستا کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ سووریاش هەیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا. لە قۆناغی نوێدا کراوەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.

ئەرکە نوێیەکە

مەزڵووم عەبدی باسی لەوە کرد کە ئیلهام ئەحمەد بە بڕیاری سەرۆک کۆمار کراوەتە ئەندامی پەرلەمانی سووریا و خۆشی وەک راوێژکاری سەرۆک کۆمار دەستنیشان کراوە، بەڵام ئەرکە نوێیەکانیان هێشتا بە فەرمی دەستی پێنەکردووە و دوای تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، لە شام دەستبەکار دەبێت.

پاش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی لەگەڵ سوپا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، گۆڕانکارییەکی گرنگ لە نەخشەی سیاسی و سەربازیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا روویدا. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی فراوانتردا هات کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی سووریا و یەکخستنەوەی دامەزراوەکان بوو.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە