ئای بی ئێم سایمۆن (IBM Simon): چیرۆکی یەکەمین مۆبایل کە شاشەی لەمسی هەبوو پێش ئایفۆن بە زیاتر لە دەیەیەک
کاتێک باسی یەکەمین مۆبایل کە شاشەی لەمسی هەبێت دەکرێت، زۆربەی کات بیرمان بۆ ئایفۆن یان سامسۆنگ دەچێت، بەڵام مێژووی مۆبایلە لەمسەکان بۆ ساڵانێکی زۆر پێش ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. مۆبایلی (IBM Simon Personal Communicator) وەک یەکەمین ئامێر دادەنرێت کە توانی کۆمەڵێک تایبەتمەندی لەخۆ بگرێت.
ئەم مۆبایلە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٢ خرایە ڕوو و لە ١٦ی ئابی ١٩٩٤ بە شێوەیەکی بازرگانی بڵاوکرایەوە. ئامێرەکە پێکهاتبوو لە پەیوەندیی خانەیی، یاریدەدەری دیجیتالی کەسی و شاشەیەکی لەمس بە قەبارەی ٤.٥ ئینچ. بە پێچەوانەی شاشە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ، شاشەی ئەم مۆبایلە لە جۆری بەرگری (موقاویم) بوو، واتە بۆ کارپێکردنی پێویست بوو پەستان بخەرە سەر شاشەکە، کە زۆربەی کات بە قەڵەمی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرا.
تەنها پەیوەندیکردن نەبوو، بەڵکو ئامێرەکە خاوەنی خزمەتگوزاریی وەک ئیمەیل، فاکس، ڕۆژژمێر، دەفتەری یادەوەری، و ژمێرەر بوو. سیستەمی کارپێکردنی لەسەر بنەمای GEOS بوو، لەگەڵ پڕۆسێسەرێک بە خێرایی ١٦ مێگایەرتز و یادگەی یەک مێگابایت.
سەرەڕای پێشکەوتووبوونی، ئامێرەکە نەبووە سەرکەوتنێکی بازرگانی گەورە بەهۆی قەبارە گەورەکەی، تەمەنی کورتی پاترییەکەی، و نەبوونی ژێرخانی پەیوەندیی پێویست لەو سەردەمەدا؛ بە جۆرێک کە تەنها نزیکەی ٥٠ هەزار دانەی لێ فرۆشرا و لە ساڵی ١٩٩٥دا بەرهەمهێنانی ڕاگیرا.
دوای سایمۆن، چەندین ئامێری تر وەک (Alcatel One Touch Com) لە ساڵی ١٩٩٨ و (Ericsson R380) لە ساڵی ٢٠٠٠ دەرکەوتن، پاشان کۆمپانیای نۆکیا لە ساڵی ٢٠٠٤ مۆبایلی (Nokia 7710)ی خستە ڕوو کە یەکەم مۆبایلی لەمسی کۆمپانیایەکە بوو، بەڵام ئەوانیش بەهۆی هەمان تەکنەلۆجیای شاشەی بەرگری نەتوانیان بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوان بەدەستبهێنن تا ئەو کاتەی شۆڕشی ڕاستەقینە لە سەردەمی مۆدێرندا دروست بوو.
