نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەولێر دادەخرێت

وەزارەتی تەندروستی: نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەولێر دادەخرێت و ئەنجامدەرانی سەرپێچییەک ڕەوانەی دادگا دەکرێن
دوابەدوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەتی تەمەن 21 ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت (ئەهلی) لە شاری هەولێر، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون دەستبەجێ بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ ڕووداوەکە کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، چەندین سەرپێچیی ئاشکرا لەو نەخۆشخانەیەدا تۆمار کراون، لەوانە:
پزیشکی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی کارکردنی نەبووە لەو نەخۆشخانەیە و ناوی لە لیستی میلاکی ڕێگەپێدراوی وەزارەتدا نەبووە.

 

ئەنجامدانی نەشتەرگەریی فریاکەوتن بەبێ بوونی فریاکەوتن و هۆڵی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکەدا.

 

سەرەڕای ئەوەی هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەم نەخۆشخانەیە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە (دوو مانگ پێش ئێستا) بە بڕیاری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی داخرابوون بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، بەڵام پزیشکی نەشتەرگەر، پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە ڕێگەی نایاسایی و نافەرمی چوونەتە ژوورەوە و کاریان کردووە.

 

لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا، وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە، بڕیاری دا بە داخستنی تەواوی نەخۆشخانەکە و ڕادەستکردنی ئیدارەی نەخۆشخانە و پزیشکە سەرپێچیکارەکان بە دادگا بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.
لە کۆتاییشدا، وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەواوی نەخۆشخانە ئەهلییەکان و پزیشکان دەبێت بە فەرمی مۆڵەت و ڕێگەپێدانیان هەبێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبنەوە.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە