یەکێتیی ئەورووپا چاودێرییەکەی توندتر دەکات؛ چات جی بی تی، ڕیدیت و ڕۆبلۆکس لە ژێر پشکنینی ورددا
یەکێتیی ئەورووپا لە چوارچێوەی “قانوونی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان” (DSA)، هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی چات جی بی تی (ChatGPT)، ڕیدیت (Reddit) و ڕۆبلۆکس (Roblox)ـی بە فەرمی خستە پۆلی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە زۆر گەورەکانەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە هەر یەکێک لەم پلاتفۆرمانە سنووری 45 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی مانگانەیان لە ناو یەکێتیی ئەورووپا تێپەڕاند، کە دەکاتە نزیکەی 10%ی دانیشتووانی ناوچەکە.
بەپێی ئەم پۆلێنکردنە نوێیە، چات جی بی تی وەک بزوێنەرێکی گەڕانی زۆر گەورە، و ڕیدیت و ڕۆبلۆکس وەک پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی زۆر گەورە دەستنیشان کراون، کە ناچاریان دەکات پابەندی کۆمەڵێک مەرجی توندتر ببن بە ئامانجی پاراستنی بەکارهێنەران و کەمکردنەوەی مەترسییە سیستمییەکان.
دەبێت ئەم خزمەتگوزارییانە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی نەیاسایی، کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر منداڵان و مێردمنداڵان، و توندوتۆڵی و ئاسایشی گشتی هەڵسەنگێنن و ڕێوشوێنی بۆ بگرنە بەر.
پابەند دەکرێن بە دابینکردنی شەفافییەت لە سیستمەکانی پێشنیارکردنی ناوەڕۆک (Algorithms)، ڕیکلامەکان و بڕیارەکانی چاودێریکردنی ناوەڕۆکدا.
چونکە ڕۆبلۆکس بەشێوەیەکی فراوان لەلایەن منداڵان و مێردمنداڵانەوە بەکاردێت، دەبێت ڕکاری توند دابنێن بۆ ڕێگریکردن لە پێگەیشتنیان بە ناوەڕۆکی نەگونجاو، هەروەها قەدەغەکردنی ڕیکلامی ئاراستەکراو بۆ منداڵان.
پێدانی ماف بە بەکارهێنەران بۆ هەڵبژاردنی داتا و پێشنیاری نەکەسێندراو، و قەدەغەکردنی شێوازە دیجیتاڵییە خەڵەتێنەرەکان کە بەکارهێنەر ناچار دەکەن بڕیاری نەخواست بدەن.
ئەم کۆمپانیایانە مۆڵەتی 4 مانگیان هەیە (تاوەکو کانوونی دووەمی/یەنەبەری 2027) بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ سەرجەم داواکاری و ڕێنماییە نوێیەکانی یەکێتیی ئەورووپادا بگونجێنن و سیستمی بەڕێوەبردنی مەترسییەکانیان کارا بکەن.
