بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی هیواخوازە “بایكۆت دووبارە نەبێتەوە” و دەشڵێت: لە 10 ساڵی ڕابردوودا باجی بایكۆت و دەوام نەكردنمان داوە.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەریی گشتیی پەروردەی سلێمانی لە وتارێكدا ڕایگەیاند، لە 10 ساڵی ڕابردودا پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان باجی دەوام نەکردنی مامۆستایاندا. ئێستا ئەنجامی ئەو دەوام نەکردنە و ئەو بایکۆتە دەردەکەوێت.
وتیشی، “ساڵی ڕابردو 53 هەزار خوێندکاری قۆناغی 12ـمان نارد بۆ زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ناحکومیەكان، بەڵام بەپێی ئەو داتایەی کە دوێنێ وەرمگرتوە، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە کۆی 107 هەزار خوێندکار، تەنها 40 هەزاری ئەمساڵ دەچنە زانکۆ و پەیمانگاکان”.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوە ئەنجامی ئەو بایکۆتەیە کە لە 10 ساڵی ڕابردودا کرا، کە هیچکام لە دایک و باوکان و مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و بەرپرسانی حزبی و حکومی لەگەڵ ئەوە نەبون کە بکرێت.
مامۆستا نەژاد جەختیشی كردەوە، ئەوەی كرا بارودۆخێک بوو، هیوادارین دووبارە نەبێتەوە، جارێکی دیكە سلێمانی نەبێتە قوربانی، خوێندکارانمان نەبێتە قوربانی ئەو هەموو قەیرانەی کە ڕووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە.
