مستەفا قەرەسوو: کشانەوەمان لە قەندیل مەترسی هەیە شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی لێبکەوێتەوە

ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، داڵدەدانی گەریلا لە کامپەکاندا بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە و ئامانجیان گەڕانەوەیە بۆ تورکیا بۆ ئەنجامدانی سیاسەتی دیموکراتی، دەشڵێت، کشانەوەی ئەوان لە قەندیل مەترسی هەیە شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی لێ بکەوێتەوە.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە دیمانەیەکی میدیاکانی نزیک لە کەجەکە ڕایگەیاند: دەکرێت زۆر شت ڕووبدەن بەڵام بابەتی “کامپنشینی” ئەندامانی تەڤگەر زۆر مەحاڵە و بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە.

وتیشی: لە جیهاندا هەموو شتێک دەشێت ڕوو بدات، بەڵام شتێکی لەم شێوەیە نابێت، “ئێمە تەڤگەرێکی ئاوا نین، ناتوانین ببینە تەڤگەرێک کە ئیرادەی خۆمان لە ناو کامپەکاندا سنووردار بکەین و بیخەینە ژێر کۆنترۆڵەوە.

وتیشی: ئێمە دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەین، دەمانەوێت بچینە تورکیا و سیاسەتی دیموکراتی بکەین، دەمانەوێت ببینە بەشێک لە تێکۆشانی دیموکراسی لە تورکیادا، تەڤگەرێکی دیموکراتی و شۆڕشگێڕی لەم شێوەیەین، نابێت کەس بکەوێتە ناو تێڕوانینێکی لەو شێوەیەوە کە پێمان بڵێن بڕۆن لە فڵانە کامپدا بمێننەوە، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە دەوڵەتی تورکیش ئێمە دەناسێت، پەکەکە دەناسێت، تەڤگەرەکە دەناسێت، ئەوان خۆشیان زۆر باش دەزانن کە ئێمە شتێکی لەم شێوەیە قبووڵ ناکەین.

هاوکات لە بارەی پرسی چارەنووسی سنووری قەندیل و جێگەکانی دیکە، لە دوای ئەگەری جێبەجێکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی گەریلا بۆ باکوور، قەرەسوو وتی: ئەو ناوچانەی ئێمە لە ئێستادا لێیانین، بەهۆی ‘پێگەی ستراتیژی’ـیانەوە هەمیشە جێگەی ململانێ و شەڕ بوون، هەر ئەم گرنگییەش وایکردووە کە دەیان ساڵە سەرەڕای دژایەتیی جیهانی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، خۆمان لەم جوگرافیایەدا ڕابگرین.

باسی لەوەشکرد: چۆڵکردنی ئەم ناوچانە لە لایەن ئێمەوە، مەترسیی دروستبوونی بۆشایییەکی ئەمنی گەورە و جێگیربوونی هێزەکانی وەک داعش یان سەرهەڵدانی پێکدادانی ناوخۆیی لە نێوان لایەنەکان لەوانە پەدەکە و یەنەکەی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، پاشەکشەی هێزەکانمان لەم قۆناغەدا تەنیا لە کاتێکدا دەکرێت کە سیاسەتێکی ورد و پلانێکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە لە ئارادا بێت، ئەگەر پرۆسەکە بە هۆشیارییەوە ئەنجام نەدرێت، گەڕانەوە یان کشانی هێزەکانمان دەبێتە هۆی دەرئەنجامی زۆر نەرێنی و ئەگەری هەیە شەڕێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێنێت، کە ئەمەش بابەتێکی هەستیارە و لە ژێر گفتوگۆدایە.

لە بارەی بوونی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان کەجەکە و عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی، قەرەسوو ڕایگەیاند، پەیوەندی و گفتوگۆکان لە نێوان تورکیا، عەبدوڵا ئۆجالان و کەجەکەدا لە ڕێگەی چەند کەناڵێکەوە بەردەوامن، دەشڵێت، “پرسی دۆخی ڕێبەرێتی هێڵی سوورە، چونکە بەپێی بڕیارەکانی کۆنگرە، هیچ پرۆسەیە، تەنانەت پرسی دەستبەرداربوون لە چەک، بەبێ سەرپەرشتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی عەبدوڵا ئۆجالان ناچێتە پێشەوە، شتێک نییە بەناوی “چەک دابنێن و تەسلیم ببنەوە”، بەڵکو ئامانجەکە گەڕانەوەیە بۆ تورکیا بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتی.

وتیشی: دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداری بە مانای دەستبەرداربوون لە بنەما ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان نییە، ئامانجی سەرەکیی تەڤگەر هێشتا بریتییە لە خوڵقاندنی تورکیایەکی دیموکراتی، بنیاتنانی سۆسیالیزمی دیموکراتی و کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ کە پشت بە کۆمۆنەکان ببەستێت؛ بۆیە هیوای ئێمە گواستنەوەی ئەم خەباتەیە لە شاخەوە بۆ ناو کایەی سیاسیی مەدەنی، نەک دەستبەرداربوون لە ئامانجە 50 ساڵییەکە.

جەختیشیکردەوە، بەبێ سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ هەنگاوێک بە ئاڕاستەی چەکداماڵین نانرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە