بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا، تێکڕای هەناردەی نەوتی خاو لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە گەیشتووەتە سەرووی 60 ملیۆن بەرمیل.
وەزارەتی نەوتی عێراقیش ڕایگەیاندووە؛ هەناردەی ڕۆژانە لە بەندەرەکانی باشوورەوە لە نێوان دوو بۆ دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلدا بووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی دارایی وڵات لە ماوەی هەشتی مانگی ڕابردوودا.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی بەوە کردووە؛ تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا کەمتر بووە لە 100 هەزار بەرمیل، هەرچەندە لە کۆتایی مانگەکەدا گەیشتووەتە 115 هەزار بەرمیل.
هاوکات نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیش ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل بووە و کۆی گشتی هەناردەی ناوچەکانی باکووری لە کۆتا ڕۆژی مانگەکەدا خۆی گەیاندووەتە 165 هەزار بەرمیل، لە کاتێکدا هەناردە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕۆژانە لە نێوان 150 بۆ 180 هەزار بەرمیلدا بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی دانوستان و فراوانکردنی هەیە و دەیەوێت لە مانگی ئەیلولدا ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە، ئامانج لەم هەنگاوانە سەقامگیرکردنی دۆخی دارایی عێراق و پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەیە لە ڕێگەی زیادکردنی داهاتی هەناردەی نەوتەوە.
