لە کاتێکدا ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و داخستنی گەرووی هورمز نیگەرانیی لای هاووڵاتیان دروستکردووە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق پەیامێکی دڵنیاکەرەوە دەردەکات و ڕایگەیاند، باری خۆراکی وڵات تەواو جێگیرە و عەمباری گەنم بۆ زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەش دەکات.
ستار جەبار ئەلجابری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، ڕایگەیاند: سەرڕای ڕێگرییە لۆجستییەکان، وەزارەتەکەیان سەرکەوتوو بووە لە گرتنەبەری ڕێڕەوی نوێ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان، بە جۆرێک کە هیچ کەمییەک لە سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییاندا ڕوونادات.
باسی لەوەشکرد: خەزێنی ستراتیژیی گەنم تێپەڕی 18 مانگی کردووە، جگە لە بەردەستبوونی خۆراکی سەرەکی بۆ چەندین مانگی داهاتوو.
ئەوەشی خستەڕوو: بۆ ئەمساڵ دابەشکردنی هەشت بەشەخۆراک جێگیرکراوە، کە هەمان ڕێژەی ساڵی ڕابردووە.
بە وتەی ئەلجابری، ئاستەنگە داراییەکان و دواکەوتنی شایستەی دارایی جووتیاران و کۆمپانیاکان بە هیچ جۆرێک کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی گەیشتنی کەلوپەلەکان بۆ کۆگاکان دروست نەکردووە.
سەبەتەی خۆراکی مانگانە پێکهاتووە، (برنج، شەکر، ڕۆن، پاقلەمەنی، دۆشاوی تەماتە، لەگەڵ نۆ کیلۆ ئارد) بە شێوەی ئاسایی بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی بازرگانی جەخت دەکاتەوە کە هاووڵاتییان لە ئاسایشی خۆراکی خۆیان دڵنیابن و ئاماژە بەوە دەکات تەواوی ڕێکارەکان گیراونەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر کەمبوونێک لە بازاڕەکاندا.
