وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێکاری ئاکاری ئەکادیمی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی لە بواری توێژینەوەی زانستی کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو، د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی (ڕێکاری ئاکاری ئەکادیمی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان)ی واژۆ کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەكە، ئامانج لە دەرکردنی ئەم رێکارە بەهۆی ئەوەیە کارکردن لە بوارەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشەیەکی ئاست بەرزە و پێویستی بە بونی دەستەیەکی وانەوتنەوە هەیە کە خاونی ئاکاری ئەکادیمی گونجاو و لێهاتویی بەرز بن بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن و فێربون و بەرزکردنەوەی ئاست و کوالێتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی بۆ بەرزترین ئاست، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی نەبونی ڕێسایەکی گشتگیر وەک ئەوەی لەم ڕێکارە هاتوە ڕێکبخات و پارێزگاری لە دەستپاکی ئەکادیمی و بنەما ئاکارییەکان و نەریتە ڕەگداکوتاوەکان لە هەرێمی کوردستان تا ئەپەڕی رادە بکات.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەمە جگە لە گۆڕانکارییە گەورەکان لە شێوازەکانی توێژینەوەی زانستی و بڵاوکردنەوە و ئەوەی بەهۆی شۆڕشی تەکنەلۆژی و بەکارھێنانی بەرنامە جۆراوجۆرەکانی ژیری دەستکرد کەسانێک لە دامەزراوە زانکۆییەکان یان دەرەوەی دامەزراوە زانکۆییەکان روبەروی هەندێک لادان لەم بنەمایانە دەبن کە لەم ڕێکارەدا هاتوە.
جەختیشی كردۆتەوە، بەهۆی گەشەسەندنی هاوچەرخ لە بوارەکانی بڵاوکردنەوەی نووسراوی ئەلیکترۆنی و هەمەچەشنی شێوەکانی هاوکاری ئەکادیمی لەنێوان توێژەرانی خاوەن پسپۆڕی جیاواز، بەهۆی ئەم هۆکارانە ئەم ڕێکارە دارێژراوە بۆ دانانی سنورێکی روون بۆ ڕەفتاری زانستی گونجاو و ئاکاری ئەکادیمی و پابەندبون پێیانەوە لە سەرجەم زانکۆکان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە هەرێمی کوردستان.
