بێگومان نوێژ یەكێكە لە پایە گەورەكانی ئیسلام و فەرزە لەسەر مرۆڤی موسوڵمان كە پابەند بێ پێیەوە لە كات و شوێنی خۆیدا. ئیسلام واجبی كردووە لەسەر دایكان و باوكان كە منداڵەكانیان ڕابهێنن لەسەر نوێژ كردن و وایان لێبكەن كە پابەند بن پێیەوە، وەكو خوای پەروەردگار لە قورئاندا دەفەرمووێت: ( وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلَاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا) طه / 132
واتە: “ئەی محمد، فەرمان بكە بە ماڵ و منداڵت كە نوێژ بكەن و خۆڕاگر و بەردەوام بن لەسەری”
لە وەسفی پێغەمبەر اسماعیل (علیه السلام)دا دەفەرمووێت: ” وَكَانَ يَأْمُرُ أَهْلَهُ بِالصَّلَاةِ وَالزَّكَاةِ وَكَانَ عِنْدَ رَبِّهِ مَرْضِيًّا ” (مريم / 55)
واتە: ” (پێغەمبەر ئیسماعیل –علیه السلام-) ههمیشهو بهردهوام، فهرمانی دهدا به خێزانی و خزمانی، که نوێژهکانیان (به ڕێک و پێکی و له کاتی خۆیدا) ئهنجام بدهن و زهکاتیش فهرامۆش نهکهن، بەڕاستی ئهو لای پهروهردگاری شایستهی ڕێزو ڕهزامهندی بوو”.
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت: ” مُرُوا أَوْلَادَكُمْ بِالصَّلَاةِ وَهُمْ أَبْنَاءُ سَبْعِ سِنِينَ ، وَاضْرِبُوهُمْ عَلَيْهَا وَهُمْ أَبْنَاءُ عَشْرٍ”. (صححه الألباني في الإرواء /247)
واتە : “لە حەوت ساڵیدا فەرمان بكەن بە منداڵەكانتان كە نوێژ بكەن، لە 10 ساڵیدا لێیان بدەن لەسەر نوێژ نەكردن”
1- لێدان لە منداڵ لەسەر نوێژ نەكردن دەبێت لێدانی پەروەردەكردن بێت، نەك شكاندنی كەسایەتی، پێویستە لێدانێكی سووك بێت و ئاسەواری بە جەستەیەوە دیار نەبێت، وە نابێت بە هیچ شێوەیەك لە دەم و چاو بدرێت.
2- هەتا بكرێت پێش لێدان بە ئامۆژگاری و قسەی نەرم ونیان و هەوڵدانی تەواو حەكیمانە هەوڵی لەگەڵ بدرێت.
بۆیە دایكان و باوكان دەبێت بزانن كە بەرپرسیارن لە پەروەردەی منداڵەكانیان و واجبە لەسەریان فێری نوێژیان بكەن و وایان لێبكەن كە پابەند بن بە نوێژەكانیانەوە. بەڵام بەداخەوە بەشێك لە دایكان و باوكانی ئێستا زۆر ئیهمال و لاوازن لە پەروەردەی منداڵەكانیان.
ئایا لە ڕۆژێك ناترسن كە خوای گەورە لە قیامەتدا ڕاتانبگرێت و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بكات لەسەریان ؟؟
بۆیە بۆ چارەسەری كێشەی سستی منداڵەكان لە نوێژ و عیبادەتەكان ئەم چەند خاڵە جێبەجێ بكەن:
1- پێویستە دایك و باوك خۆیان ببنە نمونەیەكی جوان لە ماڵەكەدا و پابەند بن بە نوێژەكانیانەوە، هەتا منداڵەكانیش چاویان لێ بكەن و پابەند بن.
2- باوك هاتووچۆی مزگەوت بكات و منداڵە كوڕەكانی لەگەڵ خۆی ببات، دایكەكەش لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵە كچەكانی نوێژەكانی بەجێ بگەیەنێت لە كاتی خۆیدا.
3- پێویستە هاوڕێی نوێژكەر بۆ منداڵەكانت بدۆزیتەوە و دووریان بخەیتەوە لەو هاوڕێ و خێزانانەی كە نوێژ ناكەن.
4- هەمیشە دەستخۆشی و پیاهەڵدانیان بۆ بكە لەسەر ئەوەی كە نوێژەكانیان لە كاتی خۆیدا دەكەن.
5- هەندێك جار دیاری و بەخششیان بدەرێ لەسەر نوێژ كردنەكەیان.
6- ئەگەر لە تەمەنێكدان كە بتوانن گوێ لە وتار و وانەی ئاینی بگرن، ئەوە پێكەوە دابنیشن و سەیری هەندێ وانە و وتار بكەن لەسەر گەورەیی نوێژ و مەترسی وازهێنان لە نوێژ.
7- دایك و باوك خۆیان عاجز بكەن لێیان كاتێك كە نوێژەكان دوادەخەن یان دەیفەوتێنن، تا هەست بكەن كە پێتان ناخۆشە نوێژەكانیان دوادەخەن.
8- لە كۆتاییدا و گرنگترین شت بریتیە لە دوعا كردن بۆیان، هەمیشە دوعای خێریان بۆ بكەن و داوای ئیستیقامە و جێگیریان بۆ بكەن لەسەر نوێژ كردن.

