بڕیاردەری لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ڕوونکردنەوە لەبارەی نەبوونی نمرەی بڕیار دەدات و ڕایدەگەیەنێت، لەبری نمرەی بڕیار ساڵانە کێرڤ دەدرێت و دوو جۆری هەیە.
هەردی مەعروف، بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان و بڕیاردەری لیژنەی تاقیکردنەوەکان وتی: بەشێک لە خوێندکاران بە هەڵە تێگەیشتوون، نمرەی بڕیار لە پۆلی 12 بەهیچ جۆرێک نییە، ئەوەی هەیە کێرڤە و لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانە، دوای تەواو بوونی تاقیکردنەوەکانی هەر خولێک سەیری ڕێژەی دەرچوون دەکەین، ئەگەر ڕێژەی دەرچوون کەم بوو، کێرڤ دەدرێت و ئەگەر ڕێژەی دەرچوون زۆر بوو، لەوانەیە کێرڤ نەدرێت.
دەشڵێت، چەند جۆرێکی کێرڤ هەیە لەوانە، کێرڤی گشتی واتا بۆ سەر هەموو وانەکان، جۆرێکی دیکە کێرڤی تایبەتە. کاتێک خوێندکارێک لە وانەیەک 40ـی هێناوە، بۆی دەکرێتە 50 ئەوە کێرڤی تایبەتە پێیدراوە و نمرەی بڕیار نییە. بۆیە ساڵ بە ساڵ و خول بە خول پێدانی کێرڤ جیاوازە.
سەبارەت بە مانەوەی خوێندکاران لە یەک بابەتی و دوو بابەتی هەردی مەعروف دەڵێت: ئەگەر خوێندکارێک یەک بابەت یان دوو بابەتی مایەوە، دەتوانێت بۆ ساڵی داهاتوو مامەڵەی ئەو یەک یان دوو بابەتە بکات و تەنیا تاقیکردنەوە لەو بابەتانە بکات کە ماوەتەوە. ئەگەر ساڵی دواتر دەرنەچوو، مافی هەیە ساڵێکی دیکەش لەو بابەتانە تاقیکردنەوە بکات، واتە بۆی هەیە دوو ساڵ تاقیکردنەوە لەو بابەتانە بکات. بەمەرجێک ساڵی دووەمیش مامەڵەی ئەم دوو بابەتە بکات.
جەختیشی کردەوە، ئەگەر بۆ ساڵی سێیەم هەر دەرنەچوو، دەبێت سەرلەنوێ تاقیکردنەوەی بەرایی لە هەر حەوت بابەتەکە بکاتەوە بۆ ئەوەی مافی بەشداری لە تاقیکردنەوەی کۆتایی بەدەستبهێنێت. واتا ساڵی سێیەم دەبێت تاقیکردنەوەی هەردوو وەرزەکە بکات، کە مافی بەشداریی بەدەستهێنا ئەو کاتە دەتوانێت کۆتایی ساڵ لە هەموو بابەتەکان تاقیکردنەوە بکات.
