رۆژی 27/8/2026، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە 14ی وەرزی دووەمی ساڵی یەكەمی یاسادانان بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوای خوێندنی سورەتی فاتیحای لە ئامادەبووان كرد وەك وەفایەك بۆ رۆحی ئەو ئەفسەرەی لە ناوچەی كەڕادە بووە قوربانی، ئەمەش بووە مایەی رەخنەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بەوەی كە تەنها خوێندنی سورەتی فاتیحا بەس نییە بۆ ئەو كارەساتە، بۆیە سەرۆكی ئەنجومەن بڕیاریدا حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار رابسپێردرێن بۆ ئەوەی لیژنەیەكی باڵا پێكبهێنن بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو تاوانە و تۆمەتباران راپێچی دادگا بكەن، هەروەها چارەسەرێكی گونجاویش بۆ پرسی خانووە زیادەڕۆكان بدۆزنەوە.
هەروەک لیژنەی ئاسایش و بەرگریش راسپێردرا بۆ چاودێریی پرۆسەی بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەكە، تا دواتر بە راپۆرتێك سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاگادار بكرێتەوە، ئەوەش بە كۆی دەنگی نوێنەران پەسەندكرا.
پاشان دەستکرا بە کارکردن لەسەر ئەجێندای کۆبوونەوەکە کە بڕگەی یەكەمی خوێندنەوەی یەكەم بوو بۆ پرۆژەیاسای (خاوەندارێتیی فیكری- لیژنەی یاسایی). ئامانج لەم پرۆژەیاسایە بریتییە لە پاراستنی مافی دانەر، داهێنەران، خاوەن بیرۆكە بازرگانییەكان و بەرهەمە زانستی و هونەرییەكان، هەروەها داڕشتنەوەی چارەنووسی مافی كۆپی رایت و خاوەندارێتیی فیكری لە عێراقدا.
بڕگەكانی دووەم و سێیەم و چوارەم تایبەتبوون بە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بڕگەی دووەمیان بریتیبوو لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای پەسەندكردنی یەكێتیی ئابووریی لەنێوان وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی (ژمارە 169ی ساڵی 1963).\
پوختە و گرنگترین خاڵەكانی پرۆژەیاساكە بریتیبوو لە: رێكخستنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان وڵاتانی ئەندامی كۆمكاری عەرەبی لەسەر بنەمایەك كە گەشەپێدانی سەروەت و سامان و خۆشگوزەرانیی هاوبەش مسۆگەر بكات، هەروەها زامنكردنی ئازادیی گواستنەوەی كەسەكان و سەرمایەكان لە نێوان وڵاتانی ئەندام، رێگەدان بە ئاڵوگۆڕی ئازادیی كاڵا و بەرهەمە نیشتمانی و بیانییەكان بەبێ رێگریی گومرگی توند.
هۆكارەكانی پشت هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێككەوتنەش بەشێوەیەكی گشتی بریتییە لەوەی عیراق دەیەوێت لە بەشێك لە پابەندییە نێودەوڵەتییەكان خۆی بپارێزێت و كار لەسەر پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی بكات، چونكە بەندەكانی رێككەوتنەكە رێگە بە هاتوچۆی ئازادی كاڵا و بەرهەمەكان دەدەن بەبێ گومرگی توند. ئەمەش بۆ ئێستا بە زیانی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵیی ناوخۆیی عێراق دەشكێتەوە، چونكە بازاڕەكان رووبەڕووی كێبڕكێی نادادپەروەریی كاڵا هاوردەكراوەكان دەبنەوە، هەروەها رێككەوتننامەكە مافی كاركردن و نیشتەجێبوونی تەواو دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتانی عەرەبی.
عێراقیش ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لەنێو گەنجاندا، دەیەوێت دەرفەتەكانی كار و وەبەرهێنان بۆ هاووڵاتیانی خۆی دەستەبەربكات.
لە كۆتاییدا لە رووی كردارییەوە، زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی پابەندی تەواوی ئەمجۆرە رێككەوتنە مێژووییانە نین، بۆیە عیراق پێیوایە هێشتنەوەی ئەم یاسایە، هیچ قازانجێك بە ئابوورییەکەی ناگەیەنێت.
بڕگەی سێیەمیش بریتیبوو لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتننامەی هاوبەشی و هاوكاری لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا و ئیرلەندای باكوور.
بڕگەی چوارەمیش بریتیبوو لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسایەك كە رێگە بە عێراق دەدات بچێتە پاڵ رێككەوتننامەی تایبەت بە پیشانگە نێودەوڵەتییەكان و رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی پاریس كە ساڵی 1928 ئیمزاكراوە و لە 1948ەوە تا 1988، پێنج جار هەمواركراوەتەوە.
*ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران
