رۆژئاڤا، بڕیارێكی ئازایانە و هەنگاوێكی كرداریی

نەتەوەی کورد لە خەباتی خۆیدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بەردەوام هەڵگری مەشخەڵی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و لە مێژووی نوێشدا سەلماندوویەتی کە ئاشتی رێگایەکی بنەڕەتییە بۆ هێنانەدی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەڵام هەمیشەش ئەو خواستەی كورد رووبەڕووی ستەم و سەركوتکردن بووەتەوە.

بە پێچەوانەی ئەو رۆژگارە درێژە، وا ئێستاكە گۆڕانکارییە خێراکانی گۆڕەپانی سوریا و رۆژئاڤای کوردستان، قۆناغێکی هەستیارییان تێپەڕاندووە.
لەم چوارچێوەیەدا بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەكانی پێشتر، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو و هەنگاوە سیاسییەکان بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و پێدانی ناونیشانی راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار بە مەزڵوم عەبدی، نیشانەی تێگەیشتنن لە پێویستیی چارەسەری سیاسیی کێسەی کورد لە سوریا.

هەروەك چۆن بە رەسمی ناساندنی زمانی کوردی وەک شوناسی سەرەکی نەتەوەیی، بەشێکی دانەبڕاوە لەو خەباتە مەدەنی و رۆشنبیرییەی، کە ساڵانێکە رووبەڕووی سیاسەتی سڕینەوە ببووەوە.

ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە، لە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ناو دەزگاکانی دەسەڵاتی راگوزەری سوری و راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزانە، پەڕەیەکی مێژوویی تەواو لە تەمەنی دەوڵەتی سوریا هەڵدەداتەوە و رۆژگارێكی نوێ سەرهەڵدەدات.

ئەم گۆڕانکارییەش کورد لەو پارچەیە دەخاتە بەردەم پێویستییەکی مێژوویی بۆ گواستنەوە لە (ئەرکی خەباتگێڕیی و چەكدارییەوە) بەرەو (ئەرکی سیاسی و مەدەنیی)، کە خۆی لە دووبارە دامەزراندنەوەی رۆڵی کورددا دەبینێتەوە لە رێگەی پێداچوونەوەیەکی رەخنەگرانەی راستەقینە و گشتگیرەوە کە بزووتنەوەی کوردی لە تەنها دۆخێکی بەرگرییکردن لە بوون و هەڵگرتنی ستەم و داواکردنی مافەکانەوە، بگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی نیشتمانیی مسۆگەر و بەردەوام لە بنیادنانی سوریای نوێدا.

ئەم گۆڕانكارییانە، ئەگەر لە رواڵەتدا وا بخوێنرێتەوە كە كۆدەنگی نیشتمانیی لەسەر نییە و لێرە و لەوێ بە دیدگایەكی رەخنەگرانەوە تەماشا بكرێت، بەڵام بۆ ئەم سەردەم و قۆناغەی ئێستای کورد و ناوچەکە، لە قازانجی کوردە.

ئەوەی ئێستا بەدیهات رۆڵی گەورەی نێوەندە نێودەوڵەتییەکانی تێدا بووە بەتایبەت یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، ئەگەرچی بۆ هەموویان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانی تێدایە!.

كورد لە رۆژئاڤای كوردستان، لەوكاتەی كە پێویستی بە خەباتی چەكداریی بوو بۆ بەرگریی لە مانەوەی خۆی، بڕیارێكی راستی دا و ئێستاش، كە سەردەمی ئاشتی و بونیادنانەوەی سوریا و سەرەتاكانی نووسینەوەی دەستوورە، گرنگترە، كە لە پرۆسەی ئاشتی و تێكەڵكردنەوەی دامەزراوەكان دەستپێشخەرە، ئەمەش وێنەی كورد بە جۆرێكی دیكە دادەڕێژێتەوە، كە لەلای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسەندكراو بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە