دانیاڵ دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا دوای چەندین مانگ لە بەردەوامبوونی کێشەکانی لەگەڵ پیت هێگسێتی وەزیری جەنگی ئەمریکا، دەستی لەکار کێشایەوە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاند، دانیاڵ دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ئەمەش لەسەر بنەمای گرژییەکی توند لەگەڵ وەزیری بەرگری پیت هێگسێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە تۆڕی “سی ئێن ئێن”ـی وت، دەستلەکارکێشانەوەکەی دریسکۆڵ چاوەڕوانکراو بوو، لەبەر ئەو گرژییەی لە نێوانی و هێگسێتدا دروست بووە و لە مانگەکانی دواییدا زیاتر قووڵ بووەتەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی، ئانا کێلی پشتڕاستی کردەوە کە دریسکۆڵ “زۆر کاریگەر بووە لە پێشخستنی ئەجێنداکەی سەرۆک ترەمپ” لە وەزارەتی سوپادا، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی “سەرکردایەتییەکی ناوازە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە مێژووییەکان، و گەڕاندنەوەی سەرنج بۆ ئامادەیی و کوشندەیی، و یارمەتیدان لە دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا”.
دریسکۆڵ دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری سوپا لە ئابی ٢٠٢٤ مشتومڕی لێکەوتەوە، کاتێک ڕەخنەی لێگیرا بەهۆی پاشخانە مشتومڕاوییەکەی، لەوانە تۆمەتی دزینی ناسنامەکەی و شکستهێنانی لە پاراستنی کێڵگەی خێزانەکەی لە ئۆهایۆ، ئەمەش پرسیاری لەسەر توانای بۆ بەڕێوەبردنی بودجەی سوپا دروست کرد.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ شەپۆلێک لە دەستلەکارکێشانەوە و لەکارلادان بەخۆوە دەبینێت، لە مانگی ڕابردوودا کۆشکی سپی چوار بەرپرسی باڵای لەدەستدا، لەنێویاندا بەرپرسی باڵای پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاوێژکاری یاسایی، لە نێو دەنگۆی ئەوەی کە لە مانگەکانی داهاتوودا بەرپرسی باڵای زیاتر واز دەهێنن.
ئەم پێشهاتانە نیگەرانی لە ناوەندە سیاسییەکاندا دروست کردووە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی جەنگی سەر ئێران و بەفیرۆدانی سەرچاوەکانی ئەمریکا و زیادبوونی فشارەکان لەسەر ئیدارەکە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس.
هەروەها دەستلەکارکێشانەوەکەی دریسکۆڵ پرسیاری لەسەر یەکگرتوویی سەرکردایەتی سەربازی لە بەرامبەر ئاڵنگارییە ئەمنییە زیادبووەکاندا دروست کردووە، بەتایبەت لەگەڵ ڕاپۆرتەکان دەربارەی کەمی تەقەمەنی و ئامادەیی جەنگی و زیادبوونی ترس لەوەی کە بەردەوامی جەنگ لەگەڵ ئێران توانای ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە لە ناوچەکانی تردا لاواز بکات.
