سوپای ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا خاکی هەندێک وڵات لە ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار دەهێنێت، بۆیە سەرچاوەی ئەو هێرشانە دەکەینە ئامانج.
فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، “سەرەڕای هۆشدارییەکان، هەندێک بنکەی سەربازیی لە ناوچەکەدا لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار دەهێندرێت”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ئێران ناتوانێ ئەو هێرشانە قبوڵ بکات و هاتووە: “سوپای داگیرکەری ئەمریکا چارەیەکی نییە جگە لە چۆلکردنی ناوچەکە و ئەوانەی ئاسانکاری دەکەن بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئێران، ئەوە دەکرێنە ئامانج”.
سوپای ئەمریکا شەوی دووشەممە، دووجار دوورگەی لارک لە گەرووی هورمزی بۆردومان کرد و لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند بنکەکانی ئەمریکایان لە ئوردن و ئیمارات کردووەتە ئامانج.
