ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: زیاتر لە 202 ملیار دینار و 25 ملیۆن دۆلار لە دۆسیەی گەندەڵیی نووسینگەی عەدنان جومەیلیدا دەستبەسەردا گیراوە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی گەندەڵی و سەرپێچییەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، بڕێکی زۆر لە پارە و سەروەت و سامانی گەندەڵی گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ (عەلا موحسن خەلەف)، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەدنان جومەیلی، دەست بەسەر 7 ملیار دینار و 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، هەروەها 35 موڵک و شەش ئۆتۆمبێلی جیاوازدا گیراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕێکەوتی 30ی ئایاری 2026، عەدنان جومەیلی لە ناوچەی ئیسحاقی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر کرا و لە ڕێگەی دانپێدانانەکانیەوە ناوی دەیان کەسی دیکە ئاشکرا بوو. تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا کۆی گشتیی دەستبەسەرداگرتنەکان گەیشتووەتە:
- پارەی کاش: 202 ملیار دینار و زیاتر لە 25 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار.
- زێڕ و کانزا گرانبەهاکان: 419 کیلۆگرام زێڕ.
- موڵک و ماڵ: زیاتر لە 100 موڵک (کە تەنها بەشێکیان نرخیان 69 ملیار دینارە).
- ئۆتۆمبێل: دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەها.
لێکۆڵینەوە فراوانەکان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی ئیداری و دارایی پاڵاوگەی بێجی و تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوت بەردەوامن، و پرۆسەی گەڕاندنەوەی ماڵ و سامانی گشتی بەپێی ڕێکارە دادوەرییەکان تا یەکلاکردنەوەی سەرجەم لایەنەکانی دۆسیەکە بەڕێوەدەچێت.
