پەرلەمانی عێراق هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژی لادراو و سێ دۆسیەی تری دارایی دەدات.
بە واژۆی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق و پشتگیری سەرۆکی پەرلەمان، سێ داواکاریی گرنگ بە شێوەیەکی فەرمی ئاراستەی لیژنەی دارایی کران، تا لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی داهاتوودا چارەسەری یەکجارییان بۆ بدۆزرێتەوە.
لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە درێژەی سەردانەکان بۆ بەغدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانتار د. بڕیار ڕەشید و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەوڵێکی چڕ بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی ٧٠٠ مامۆستای وانەبێژی لادراوی پەروەردە دەست پێ کرد، کە سەرەڕای خزمەتی زۆریان لە ڕابردوودا، لە پرۆسەی گرێبەستدا مافەکانیان فەوتا بوو. ئێستا واژۆی پێویست بۆ ئەم مەبەستە کۆکراوەتەوە و ئاراستەی لیژنەی دارایی کراوە.
پشتیوانی لە گەڕاندنەوەی نزیکەی ٧٠٠ مامۆستای وانەبێژ کراوە کە هەندێکیان ١٠ بۆ ١٢ ساڵ خزمەتیان هەیە، داواش کراوە خزمەتەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و بودجەی پێویست بۆ گەڕاندنەوەیان دابین بکرێت.
داواکراوە ماف و شایستە دارایی و کارگێڕییەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە پێتر دواخراون، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێن و جیاوازی لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا نەکرێت.
داواکاری پێشکەش کراوە بۆ دابینکردنی دەرفەتی دامەزراندن و تەرخانکردنی پلەی تایبەت بۆ ئەو دەرچووانەی بەهۆی قەیرانی دارایی ساڵانی ڕابردووەوە دانەمەزراون.
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی کاری بەردەوامی پەرلەمانییدان و هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فراکسیۆنە جیاوازەکان و بەتایبەت فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە ئەم داواکارییانە لە بودجەی داهاتوودا جێگیر بکرێن و بگەنە ئەنجام.
