هەڤاڵ عارف
لەگەڵ نزیکبوونەوەی (٣٠ی سێپتێمبەر) وەک دوا وادەی دیاریکراو بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان، سەرەڕای کورتبوونەوەی ماوەکەو جگە لە لێدوانی سیاسی و شرۆڤەی میدیایی، هێشتا هیچ ئاماژەیەکی عەمەلی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بەدی ناکرێت، هەرچەندە جووڵە و مامەڵەی پشتپەردە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتیش دەستیپێکردووە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع تا ئەم ساتە هیچ هەنگاوێکی کردەیی بوونی نیە.
لە ئاستی لێدوانە سیاسیەکاندا، هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەند جارێک تەئکیدی لەوە کردۆتەوە بە هیچ شێوەیەک ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی لە نێوان دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان دروست نابێت، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە چەکدانانی ئەو گرووپانە، یان جێبەجـێبوونی بڕیارەکەی زەیدی بکات، لە تازەترین پێشهاتیشدا، گرووپی (سەیدولشوهەدا) دە خاڵیان وەک پێشمەرج بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان خستووەتە ڕوو، لە کاتێکدا ئەم خاڵانە وەک مەرجی مەحاڵ (تەعجیزی) سەیر دەکرێن و لە ڕووی کردارییەوە قابیلی جێبەجێکردن نین، بۆیە ئەمەش دەلیلی نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ پرۆسەی چەکدانان و جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە بڕیارەکە.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم کابینەکەی زەیدی تەنیا لە پرسی گرووپە چەکدارەکاندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو حکومەتەکەی ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری و کورتهێنانی نەختینەییش بووەتەوە. ئەم تەنگژەیە، کە دەرهاوێشتەی ڕاستەوخۆی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران و ئاڵۆزییە جیۆستراتیجییەکانی گەرووی هورمزە، وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی داڕمانێکی ئابووریی گریمانەییەوە.
ئەم ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی بەرۆکی عێراقی گرتووە لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و چەندین هاوکێشە و جەمسەربەندیی نوێی تێدا سەریهەڵداوە. گرنگترینیان پەیمانی سێقۆڵی (تورکیا، سعوودیە و پاکستان)ە لەپاڵ هەنگاوەکانی دیمەشق بۆ خۆڕێکخستنەوەی ناوخۆیی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و گرژییە ناو بە ناوەکانی ئەنقەرە و تەلئەبیب، لەم هەلومەرجەدا، کە وڵاتانی ناوچەکە سەرقاڵی قایمکردنی پێگەی خۆیانن، کەچی تواناکانی عێراق تەنیا لە دابینکردنی مووچەدا چڕ بۆتەوە، بۆیە ئەم نوقمبوونەی عێراق لە قەیرانی ناوخۆیی و بێکاریگەرییەی لە گۆڕەپانەکەدا، وایکردووە بەهای ستراتیژیی خۆی لەدەست بدات، بە جۆرێک ئەمریکا بەرەو ئەوە دەچێت لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بێسەروبەرییەی عێراق، وەک جێگرەوەیەک پشت بە سوریا ببەستێت تاوەکو پرۆژەکانی لە ناوچەکەدا بە تێچوویەکی کەمتر جێبەجێ بکات.
لە نێوان ئەم تەنگژانە و ئەو چاوەڕوانییەی شەقامی عێراقیدا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسانەی حکومەت دەستی بۆ بردوونو ئیدیعای دەکات، خودی زەیدی کەوتووەتە ناو گێژاوێکی قوڵی سیاسی و ئیدارییەوە نازانێت چۆن لێی دەرباز بێت، پێکهاتەی کابینەکەشی بووەتە قەیرانێکی دیکە، بەو پێیەی هێشتا سێیەکی پۆستە وەزارییەکان بەتاڵن و پڕنەکراونەتەوە، پێدەچێت هێشتنەوەی ئەم بۆشاییە ئیدارییەش تەڵەیەکی سیاسی هێزە شیعەکانی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگی) بێت بە مەبەستی جڵەوگرتن و کۆتوبەندکردنی دەسەڵاتەکانی زەیدی، تاوەکو لە ئەگەری هەر جووڵە و هەنگاوێکی پێچەوانەی ویست و ئەجێندای ئەوان، بتوانن بە ئاسانی ڕێگریی لێ بکەن، یان لە هەر ساتێکدا بیانەوێت بڕیارەکانی پەکبخەن و کۆتایی بە کابینەکەی بهێنن.
سەرئەنجام کۆی ئەم پێشهاتانە زەیدی دەخاتە بەردەم دوو سیناریۆی جیاوازو سێیەمی نیە:
سیناریۆی یەکەم (خراپترین بژاردە)
دەستلەکارکێشانەوەی (زەیدی)یە، ئەم هەنگاوە عێراق پەلکێشی ناو دۆخێکی تراژیدی و قەیرانێکی قوڵتر دەکات، چونکە نە هەلومەرجی ناوچەکە و نە بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی ڕێگە بە دروستبوونی لێکتێگەیشتن و کۆدەنگی نادەن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک، هاوکات، لەم کەشە شڵەژاوەدا هیچ کارەکتەرێکی سیاسیی ژیر و واقیعبین ئامادە نییە بەرپرسیارێتی حکومەتێکی بەبنبەست گەیشتووی وا وەربگرێت.
سیناریۆی دووەم (چارەسەری مامناوەند و ڕێککەوتنی تاکتیکی)
ئەم سیناریۆیە پشت بەو گریمانەیە دەبەستێت کە (زەیدی) لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، ئەویش لە ئەگەری دروستبوونی جۆرێک لە ڕێککەوتنی تاکتیکی سەبارەت بە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان. لە حاڵەتێکی وەهادا، پێدەچێت نە پرۆسەی چەککردنەکە بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت کە ئەمریکا و (زەیدی) داوای دەکەن، نە دۆخەکەش وەک ئێستای بمێنێتەوە، بەڵکو چاوەڕوان دەکرێت لە ڕێگەی پێدانی غیتائێکی یاساییەوە، ئەم گرووپانە ببرێنە ناو دامەزراوەی (حەشدی شەعبی)یەوه و چەکەکانیشیان لەژێر ناوی حەشددا پێناسە بکرێتەوە.
لە ڕووی واقیعیشەوە، بۆ پرۆسەیەکی لەم شێوەیە، کە دەیان هەزار چەکدار لەخۆ دەگرێت، تەنانەت ئەگەر ئیرادەی ڕاستەقینەش هەبێت، ئەم کاتە کورتەی ماوەتەوە بەش ناکات، بۆیە پێدەچێت سیناریۆکە بەو ئاراستەیە بێت کە (هاوشێوەی ئەوەی لە قەندیل ڕوویدا)، وەک هەنگاوێکی ڕەمزی تەنیا کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی لەبەردەم کامێرای میدیاکاندا ڕادەست بکرێت. لێرەشدا لەبری ئەوەی ڕاگەیاندن بۆ جێبەجێکردن و کۆتاییهاتنی پرۆسەکە بکرێت، تەنیا دەستپێکردنی پرۆسەکە بەبێ سەقفێکی زەمەنی ڕابگەیەندرێت،
بەڵام ئایا واشنتۆن بەمە قایل دەبێت؟ ئەوەیان قسەیەکی دیکەیە.
بە خوێندنەوەی واقیعی دۆخەکە، ئەمە نزیکترین سیناریۆیە، کە دەستی بۆ ببرێت، چونکە لە ڕێگەی ئەم بژاردەیەوە رەنگە هەم ئەمریکا قایل بکرێت کە ئەمەش وەک وتمان گریمانەیەکی نادیارە، هەم دڵی ئێرانیش ڕادەگیرێت، زەیدیش لە مەوقیفێکی موحریج دەربازی دەبێت، لە پاڵ ئەوەشدا، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاهێک بە بەر باری شێواوی ئابووریی عێراقدا بێتەوە و هەر هیچ نەبێت لەم کاتانەدا وڵاتەکە لەو سزایانە قوتار ببێت، کە ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنیان دەکات.
