پەرلەمانتارێكی عێراق وردەكاری پڕۆژەكەی وەزیری دارایی بۆ زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات و دەڵێت: ئەم پڕۆژەیە كاتییە تاكو یاسای نوێی پلەبەندی مووچە دەردەچێت.
یاسای پلەبەندی مووچە، كە لە ساڵی 2008ەوە دەرچووە لە عێراق، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ خشتەی مووچە و پلەبەندی “پلەبەزكردنەوە و سەرمووچە” كاری پێ دەكرێت، هەربۆیە هەر هەمواركردن و دەستكاری كردنێكی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەگرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاندووە، پێشنیارێك لەلایەن هەردوو حكومەتی پێشوو و ئێستاوە خراوەتە ڕوو، یاسای پلەبەندی مووچە لەگەڵ زیاتر لە (٣٤) ماددەی یاساییدا یەكناگرێتەوە، ئەمەش وایكردووە تێپەڕاندنی یاساكە پێویستی بە چارەسەركردنی كۆمەڵێك گرفتی یاسایی هەبێت پێش ئەوەی بە یەكجاری پەسەند بكرێت.
محەمەد حسێن ئەبو ئەلعیس، ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزیری دارایی پێشنیازێكی خستووەتەڕوو بۆ هەمواركردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزم، وەك چارەسەرێكی كاتی تا ئەو كاتەی ئەو ماددە یاساییانە چارەسەر دەكرێن، كە لەگەڵ خشتەی پلەبەندی مووچەدا یەكناگرنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە شێوازێك كە گونجاو بێت بۆ جێبەجێكردن.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، ئامانج لە ڕێكخستنەوەی خشتەی پلەبەندی مووچە، بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كەمكردنەوەی جیاوازییە داراییەكانی نێوان فەرمانبەرانی وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكانە، بەتایبەتی كە جیاوازییەكی ڕوون لە نێوان مووچەی هەندێك توێژ و پلەی وەزیفیدا هەیە.
