“ستيلا جوفا”.. یەکەم ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی کارکردوو بە وزەی خۆر

“ستيلا جوفا”.. یەکەم ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تەواو خۆریی جیهان کە وزەی زیاتر لە پێویستیی خۆی بەرهەم دەهێنێت

تیمێکی قوتابییانی زانکۆی “ئایندهۆڤن”ی تەکنۆلۆژی لە هۆڵەندا، بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەیان بۆ یەکەم ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) لە وڵاتی کینیا کرد کە بە تەواوەتی بە وزەی خۆر کار دەکات.

ئەم ئۆتۆمبێلە کە ناوی “ستيلا جوفا” (Stella Juva)یە، لەلایەن ٢٣ قوتابییەوە بە هاوکاریی ڕێکخراوی تەندروستیی نێودەوڵەتی “Amref Health Africa” دروستکراوە. ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە، گەیاندنی خزمەتگوزاریی پزیشکییە بەو ناوچە دوورەدەست و گۆشەگیرانەی کە لە ژێرخانی ئاو و کەرەستەی دارایی و کارەبا بێبەشن.

 ئۆتۆمبێلەکە لە ڕێگەی پەنێڵە خۆرییەکانی سەر سقفەکەی و پەنێڵە لاوەکییەکانی کە لە کاتی وەستاندا دەکرێنەوە، وزەیەکی زیاتر لەوەی تەمای بەکارهێنانی هەیە بەرهەم دەهێنێت. ئەم وزەیە بەسە بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکە و هاوکات کارپێکردنی ئامێرە پزیشکییە پێشکەوتووەکانی وەک: تیشکی ئێکس (X-ray)، سۆنەر، ئامێری بووژاندنەوەی دڵ (Defibrillator) و ساردکەرەوەی کوتانەکان.

 لە ناوچەی “نارۆک” لە کینیا، ئۆتۆمبێلەکە زیاتر لە ٨٠٠ کیلومەتری لە ڕێگا خۆڵ و ناخۆشەکاندا بڕی، بەبێ هیچ کێشەیەکی تەکنیکی بەربەرچاو جگە لە شکانێکی بچووکی بەشی ئاڕاستەکردن (Steering rod) کە لە ماوەی نیمی کاتژمێردا چاککرایەوە.

 لە تاقیکردنەوەیەکی دوو ڕۆژەدا، توانرا خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەشی نزیکەی ٢٠٠ کەس بکرێت. بەپێی وتەی بەرپرسانی ڕێکخراوەکە، تەنیا لە یەک سەردانی مەیدانیدا دەکرێت پشکنینی سۆنەر بۆ ٣٠ تا ٤٠ ژنی دووگیان بکەن، کە ئەمەش یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی مەترسییەکان و ڕزگارکردنی ژیانی دایکان.

بەڕێوەبەری تیمەکە، ماثیاس فان جێرڤن، و بەرپرسانی تەندروستی کینیا ئەم هەنگاوەیان بە “وەرچەرخانێکی بنەڕەتی” لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی بەردەوام و پاراستنی ژینگە وەسف کرد.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە