بەرهەمە بۆنخۆشەکانی خاوێنکردنەوە دەبنە هۆی پیسبوونی شاراوەی هەوا و زیان بە سییەکان دەگەیەنن
توێژەرانی زانکۆی “پێردوو”ی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە بەرهەمەکانی خاوێنکردنەوەی ناوماڵ کە بۆنی ڕوەکی یان دەستکردیان تێدایە، دەبنە هۆی دروستبوونی پیسبوونی شاراوەی هەوا و مەترسیی جددی بۆ سەر تەندروستی دروست دەکەن.
پێکاتە بۆنخۆشەکانی ناو ئەم بەرهەمانە (کە بە تێربینات Terpenes ناسراون)، بە خێرایی لەگەڵ ئۆزۆنی ناو کەشوهەوای ژوورەکاندا کارلێک دەکەن و وردیلەی زۆر بچووک (نانۆ) دروست دەکەن کە دەتوانن بچنە قووڵایی سییەکان و لەوێوە تێکەڵی ڕەوتی خوێن ببن.
براندۆن بۆر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ڕوونی کردەوە کە خاوێنکردنەوە گۆشە و ڕووەکان لە جراثیم پاک دەکاتەوە، بەڵام هاوکات ڕێژەیەکی زۆر لە وردیلەی نانۆیی دروست دەکات کە یەکسانە یان زیاتریشە لەو ڕێژەیەی کەسێک لە تەنیشت شەقامێکی زۆر قەرەباڵغدا هەڵیدەمژێت.
لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە لە ماوەی چەند خولەکێکدا ملیاران وردیلەی نانۆیی (بە تیرەی ١ تا ٣٠ نانۆمەتر) دروست دەبن، کە ئامێرەکانی پێوانی کوالیتی هەوا توانای ئاشکراکردنیان نییە.
چوونەناوەوەی ئەم وردیلانە بۆ قووڵایی سییەکان مەترسی لەسەر تەندروستیی دڵ و ڕێژەی شەکر دروست دەکات، بەتایبەت بەرکەوتنی زۆری ماددەی “لیمۆنین” (کە بۆنی سیتڕوس یان میوە ترشەکان دەبەخشێت).
ئەگەرچی تێربینات لە سروشتدا (وەک لە دار سنۆبەر، جاشێر و خزامى) هەیە، بەڵام ڕێژەکەی لە بەرهەمەکانی خاوێنکردنەوەدا دەیان برابر زیاترە لەوەی لە سروشتدا هەڵیدەمژین.
ڕێنماییەکان بۆ خۆپاراستن:
- بەکارهێنانی بەرهەمی خاوێنکردنەوەی بێبۆن.
- هەواگۆڕکێکردن و کردنی پەنجەرەکان لە کاتی خاوێنکردنەوەدا.
- بەکارنەهێنانی ئەو ئامێرانەی ئۆزۆن بەرهەم دەهێنن (کە هەندێک جار وەک پاککەرەوەی هەوا دەفۆشرێن).
ئەم ئەنجامانە لە کۆبوونەوەی پاییزەی کۆمەڵەی کیمیایی ئەمریکی (ACS) پێشکەش کران.
