پەری بڕ یان (هایپۆسپادیاس) بەو کونی میزە دەوترێت، کە لەشوێنی ئاسایی خۆی خوارتر کراوەتەوە لە چووکدا.
دکتۆر نەبەز صدیق رحیم سیوەیلی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و پرۆستات و نەزۆکی پیاوان ڕوونی كردۆتەوە، کونی میزی ئاسایی لە کوڕدا لەسەری چووکدا دەکرێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی پەری بڕدا لەخوارتر دەکرێتەوە و گرفتی میزکردن و هەوکردن درووست دەکات و ڕەنگە لە داهاتوودا کێشەی وەچەخستنەوەش درووست بکات.
دەشڵێت: جۆری پەری بڕ بەپێی دووری کونی میز لەسەری چوکەوە دەگۆڕێت هەندێ جار نزیکە لەشوێنی ئاساییەوە و هەندێ جار زۆر لەخوارەوەیە و دەگاتە بنە ڕەگی چووک لەنێوان تورەکەی گوندا!
جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە ئەو کوڕانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە سوننەت (خەتەنە نەکرێن) چونکە لە نەشتەرگەریی چاکردنەوەی شوێنی کونی میز بەرەو شوێنی خۆی کەڵکی لێ وەردەگیرێت و پێی درووست دەکرێتەوە، ئەگەر سوننەتیان بۆ بکرێت دواتر نەشتەرگەری سەخت دەبێت و تووشی کورتهێنانی دەکات.
