دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ڕۆژی یەکشەممە، دەرچوونی دوو سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی ٧ ساڵ بۆ پەرلەمانتارێکی پێشوو و بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ زیاتر لە ١٢٠ ملیار دینار ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ هەر یەک لە تەڵال زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشوو و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن سەپێندراوە.
ڕوونیشیکردەوە زەوبەعی و بەهادلی تاوانی هەڵکشانی سەرمایە و دەستکەوتی ناڕەوایان بەسەردا ساغ بووەتەوە.
دەستەی دەستپاکی ڕاشیگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بڕی دەستکەوتی ناڕەوا و هەڵکشانی سەرمایەی سزادراو تەڵال زەوبەعی گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ ملیار دینار. بەپێی بڕیاری دادگاش، ناوبراو پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی نزیکەی ٧٠ ملیار دینار، کە پێکهاتووە لە گەڕاندنەوەی بڕی دەستکەوتە ناڕەواکە (٣٥ ملیار دینار) لەگەڵ سزایەکی دارایی بە بڕی هەمان ئەو پارەیەی بە ناڕەوا دەستی کەوتووە.
لە بڕیارێکی تردا، دەستەی دەستپاکی سزای ٧ ساڵ زیندانیکردنی بۆ عەلی مەعاریج بەهادلی پەسەند کرد، دوای ئەوەی دەرکەوت بڕی هەڵکشانی سەرمایە و دەستکەوتی ناڕەوای ناوبراو نزیکەی ٢٦.٥ ملیار دینار بووە.
دادگا بەهادلی بە ]ێبژاردنی ٥٣ ملیار دینار سزا داوە، کە بریتییە لە بڕی دەستکەوتە ناڕەواکە و سزایەکی دارایی هاوتا بەو بڕەیە پارە ناڕەوایە.
