ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان عێراق و هاوپەیماناندا، ئەرکەکانی ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە لە هەرێمی کوردستانیش کۆتاییان دێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ڕۆژی 30ی ئەیلوول ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆتایی دێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت هاوکارییەکان کۆتاییان بێت.
ئاماژەشیدا بەوەی عێراق هەوڵ دەدات ڕێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانا بکات کە لە نێویشیاندا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
سەبارەت بەو هاوکارییە داراییەش کە پێشتر ئەمریکا لە چوارچێوەی بودجەی ساڵانەی خۆیدا پێشکەشی پێشمەرگەی دەکرد و پەسەند کرابوو، بەختیار محەمەد ئەوەی خستەڕوو کە ئەو بابەتەش هێشتا یەکلانەبووەتەوە.
بە پێی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کۆتایی مانگی داهاتوو، ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتییەکە لە عێراق کۆتاییان دێت و لە ئێستاشەوە ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئەو قۆناغە دەکات.
