میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە یائیر ناتانیاهۆ، کوڕی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەپەلە لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل، دوای ئەوەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی دروست بووە.
دەزگای ئەمنی ناوخۆی ئیسرائیل “شاباک” ڕایگەیاند کە یائیر ناتانیاهۆ بەهۆی ئەوەوە لە ئەمریکاوە گەڕێندراوەتەوە کە هەڕەشەیەکی گەورە هەبووە بۆ زیان پێگەیاندنی.
دڕوونیشیکردەوە کە بەهۆی پەرەسەندنی بارودۆخەکە و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی، بە هاوکاری ئەو تیمە ئەمنییەی کە بەرپرسیارێتی پاراستنی یائیر لە ئەستۆیە، بڕیار دراوە کە دەستبەجێ لە ئەمریکاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل.
هەرچەندە دەزگای “شاباک” هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە سروشت یان سەرچاوەی هەڕەشەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەم بابەتە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند ئێران پلانی بۆ ئامانجگرتنی یەکێک لە کوڕەکانی هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی تەلەفزیۆنی ئەمریکی “نیوز کامس” بڵاویکردەوە کە یائیر ناتانیاهۆ لە ماوەی مانەوەی لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا، بووەتە ئامانجی پلانێکی ئێرانی بۆ کوشتنی.
تۆڕەکە بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسێک لە دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە هەواڵگریی ئیسرائیل لە دیسەمبەری 2025دا ئاگاداری ئەم پلانە بووە و دەسەڵاتدارانی ئەمریکای لێ ئاگادار کردووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، فەرمانێکی بەپەلە دراوە بە یائیر کە بەخێرایی ناوچەکە بەجێبهێڵێت و ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل؛ بە جۆرێک کە تەنانەت نەیتوانیوە کەلوپەل و جانتاکانی خۆی کۆبکاتەوە، هەرچەندە تیمێکی پارێزگاری تایبەتیش لەگەڵی بووە.
