قاسم ئەعرەجی: چەک داماڵین هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دەڵێت، حكومەتی لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بەمەبەستی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، دەشڵێت، چەک داماڵین هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نەتەوەیی شەوی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “الجزيرة” ڕایگەیاند، حکومەت لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بە مەبەستی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

باسی لەوەشکرد کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە كۆتایی مانگی داهاتوودا، دەرفەتێکی گونجاو دەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەرەو قۆناغێکی جددیتر بچن و دۆسیەی چەک یەکلا بکرێتەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەعرەجی جەختی کردەوە کە کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا نایەت، بەڵکو گۆڕینەوەی زانیاریی ئەمنی لە نێوان هەردولادا بەردەوام دەبێت.

وتیشی، “عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا هەیە و هەوڵدەدەین ببینە پردێکی پەیوەندی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە مافی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بپارێزێت”.

ئەعرەجی بوونی پەکەکەی لەسەر خاکی عێراق بە “نایاسایی” وەسفکرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنی تورکی کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئاماژەی بەوەشکرد کە بە کۆتاییهاتنی دۆسیەی پەکەکە، ئەو بارودۆخە نائاساییەیش کۆتایی دێت کە بوەتە هۆی بوونی هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە