وەزیری پەیوەندییەکانى عێراق هەوڵەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزاری 5G لە یەک کاتدا لە پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکان لەگەڵ هەرێم کەمن و کار بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بەردەوامە.
مستەفا سەنەد ، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (العراقية)ی ڕاگەیاند: “نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغدا بانگهێشتنامەیەکی نووسراوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی هەفتەی یەکەمی سەرۆکایەتیمان وەک وەزیر سەردانی بکەین، ئەم بانگهێشتە لەلایەن وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمەوە پشتڕاست کرایەوە لە سەردانێکدا کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر کردبووی و ئێمەش بڕیارمانداوە بچینە هەولێر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەتەکە کۆمەڵێک کێشەی بچووکی هەڵپەسێردراوی لەگەڵ هەرێمدا هەیە، وەکو کەیبڵی ئینتەرنێت کە لە بەسرەوە دێتە ئەوروپا و بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەگەڵ گەیشتن بە هەرێم پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا کە لەوێ کاردەکەن”.
ڕوونیشیکردەوە، “وەزارەت داوای کردووە عێراق بەرەیەکی یەکگرتوو بخاتە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەگەری هەیە لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم بکرێت بۆ ئەوەی هەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکانی فیدراڵی بکرێت”.
هێمای بۆ ئەوەشکرد کە “بابەتی دیکەش هەن، لەوانە وەزارەتی پەیوەندییەکانی هەرێم بەرپرسیارە لە چەند کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکان لەوانە کۆڕەک، بەو پێیەی حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی وەک حکومەتی ناوەندی نییە، هەر ئەمەش وایکردووە لەکاتی هەر حاڵەتێکی لەناکاودا لەبری دەسەڵات پەیوەندی بە وەزارەتی فیدراڵیەوە بکەن”.
وتی: بابەتێکی دیکە هەیە کە پەیوەندی بە خزمەتگوزاری 5Gەوە هەیە، بەو پێیەی هەرێم هەنگاوی پێش حکومەتی ناوەندی ناوە لە خستنەبازاڕی، ئێمەش کار لەسەر ڕێککەوتنێک دەکەین لەگەڵیان بۆ هاوکاتکردنی خستنەبازاڕی ئەم خزمەتگوزارییە.
