دادگای ئەمریکا هاتە دەنگ

دادگای ئەمریکا: ناردنەوەی قوتابییە بیانییەکان بەهۆی پشتگیری لە فەلەستین پێچەوانەی دەستوورە
دادگایەکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاریدا کە بەکارهێنانی یاساکانی کۆچبەران لەلایەن ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای قوتابییانی بیانی و ناردنەوەیان بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە فەلەستین یان ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل، پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی ئازادیی دەربڕینە.
نوێل وایز، قازیی دادگای ناوچەیی لە سان خۆسێ ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجگرتنی نا-ئەمریکییەکان بەهۆی بیروڕاکانیانەوە پێچەوانەی دەستووری وڵاتەکەیە، و هۆشداریی دا لەوەی ئەم جۆرە سیاستاتانە دەبنە هۆی دروستبوونی ترس لە نێو کۆمەڵگەدا و وا لە کەسەکان دەکات خۆیان سانسۆر بکەن لە ترسی تۆڵەسەندنی حکومەت.
 بڕیارەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕێکارانەی ئیدارەی ترەمپ لە ئازاری ٢٠٢٥ەوە دەستی پێکردبوون، کە شۆڕبوونەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسایەتییە بیانییانەی بەشدارییان لە چالاکییەکانی پشتگیریی فەلەستین لە زانکۆکاندا کردبوو (لە نێویاندا دەرچووی زانکۆی کۆلۆمبیا، مەحمود خەلیل).
 ئەم بڕیارەی دادگا دوای سکاڵایەکی یاسایی هات کە لەلایەن ڕۆژنامەی قوتابییانی زانکۆی ستانفۆرد (ستانفۆرد دەیلی) تۆمارکرابوو، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە نووسەرەکانیان کە هەڵگری ڤیزا بوون، لە ترسی ڕێکارەکانی حکومەت لە ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان کشابوونەوە.
 ئەم هەڵوێستە یاساییە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی هاوشێوەی دادوەرێکی فیدراڵی لە شاری بۆستن، کە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا و دەستبەسەرکردنی قوتابیان و ئەکادیمییە بیانییەکانی بەهۆی چالاکیی پڕۆ-فەلەستین بە ڕەفتارێکی نا-دەستووری لەقەڵەم دابوو.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە