ئەمشەو ٢١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس “نامی” کە لەشەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥ لە تەمەنی ١٠٤ ساڵیدا لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد.
ناساندی مامۆستا
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس كە بە تەفسیری قورئانی پیرۆز بەناوی “نامی” ئەو ناسنامەیەی پێ دراوە لە (١٩٠١ لە گوندی (گوێزەکوێرە)ی مەریوان لە ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥ لە بەغدا- عێراق) لەدایك بووە.
نووسەر، زانای ئایینی، شاعیر و موفتیی کوردی سەدەی بیستەمە. ئەو زیاتر لە ٦٠ پەرتووکی ئایینی، مێژوویی و وێژەیی بڵاو کردووەتەوە. ھەروەھا تەفسیری قورئانی بە زمانی کوردی و عەرەبی ھەیە. ساغکردنەوە و شیکردنەوەی چەندین شاکاری شیعری کلاسیکی کوردی لە کارە گرنگەکانی تری ئەم کەسایەتییەیە. نموونەی ئەو شاعیرانە بریتین لە مەولەوی، نالی، مەحوی، فەقێ قادری ھەمەوەندی.
نموونەی شیعری
ئەی پێغەمبەری ڕەھبەری ئیسلام بڕژێ بەسەرتا سەڵات و سەلام
ئەی یادگاری نەتەوەی ئادەم بۆ تۆ بوو دنیا دەرچوو لە عەدەم
دڵێ بە یادی تۆ نوورانی بێ لەگەڵ فریشتە ئەبێ بە ھاودەم
چاوێ بڕوانێ بۆ ناو چاوانت وەرئەگرێ نووری بارەگای قیدەم
ژیاننامە
ئەگەرچی زۆربەی سەرچاوەکان دەڵێن: لە دێی (تەکیە)ی ناوچەی خورماڵ لەدایکبووە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵانی ١٨٩٩ تا ١٩٠١دا لە گوندی (گوێزەکوێرە)ی سەر بە شاری مەریوان ھاتووەتە دنیاوە و ناوی تەواویشی (عەبدولکەریم کوڕی محەممەد کوڕی فەتاح کوڕی سلێمان کوڕی مستەفا کوڕی محەممەد خەجێ لە عەشیرەتی قازییە).
سەرەتا خوێندنیشی بە قورئان و پەرتووکە ئایینییەکان دەست پێکردووە و گوندەکانی بەیەڵە و بالک و کانی سانان و دەرەتفێ و دووڕۆ گەڕاوە.
لەسەرەتای ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانییشدا لە مزگەوتی مەڵکەندی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و دواتر چووەتە مزگەوتی مەلا محەممەد ئەمین بالیکەدەری و لە ساڵی ١٩٢٤ یشدا لە ئاھەنگێکی فراواندا لە شاری سلێمانی مۆڵەتی مەلایەتیی لەسەر دەستی زانای ئایینی شێخ عومەری ئیبن قەرەداغی وەرگرتووە.
دواتر بووە بە مەلای گوندی نێرگسەجاڕ تا لەسەر داوای حەزرەتی شێخ عەلائەددین نەقشبەندی دێتە بیارە کە بە (ئەزھەری کوردستان) ناسراوە و ڕۆژانە سەدان کەس سەردانیان کردووە. لە ڕاستیدا نازناوی (مودەریس) بۆ مامۆستا دەگەڕێتەوە بۆ وانەبێژی لە خانەقای بیارە کە لەوێ بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ خزمەتی زانست و فەرھەنگی کوردیی کردووە.
نازناوەکانی مامۆستا
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە ساڵی ١٩٦٠ لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەناونیشانی «مودەریس» دامەزراوە، زیاتر لە ٥٠ فەقێ لەسەردەستی مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووە، ھەر لەو کاتەوە بەبێ پشوودان خەریکی وانەوتنەوە بووە لە زانستە شەرعی و وێژەیی و عەرەبییەکاندا.
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس چەندین پەرتووک و بەرھەمی وەک نووسینەوەی ژیان و بەسەرھات و شیعری چەندین شاعیری وەک مەولانا خالید و شێخ عوسمان سیراجەدینی بڵاوکردووتەوە، ھەروەھا چەندین شیعریشی لەژێر نازناوی «نامی» دا بڵاوکردووەتەوە، ھەروەھا ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە بەکوردیکردنی فیقھی ئیسلامی و تەفیسری قورئان و تەجویدەکەیدا.
مودەڕیس پۆستی باڵای پێدراوە
مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیشدا بە زانایەکی گەورە ناسراو بووە و خاوەنی توانای فەتوای ئایینی بووە، بۆیە چەندین ساڵ پۆستی سەرۆکایەتیی «کۆمەڵەی زانایانی عێراق»ی بەدەستەوە گرتبوو، لەوەش گرنگتر لەم ساڵانەی دوایی ٣ ھەزار زانای ئایینی سوننیڕێڕەو کە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراقەوە ھاتبوون و لە بەغدا کۆبووبوونەوە، بەبێ بەشداریکردن و ئاگاداریی خۆی جەنابی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بە سەرۆکی (اڵامانە العلیا للإفتاو والتدریس والبحوپ) ھەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر ئەوەی باری تەندروستیی ناجێگیربوو ئەو پۆستەی ڕەتکردبوویەوە. وێڕای ئەوەی ماوەیەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی عێراق-دەستەی کورد بووە، ھەروەھا باوەڕپێکراوی کۆڕی زانیاریی وڵاتی ئەردەنیش بوو.
كۆچی دوایی
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لەتەمەنی ١٠٤ ساڵیدا و لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد.
بەرهەمەكانی
مەلا عەبدولکەریم ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی بە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیی ھەیە …
بەرھەمەکان بە زمانی کوردی
باخچەی گوڵان
بارانی ڕەحمەت
بەھار و گوڵزار
بنەماڵەی زانیاران
شەرحی تەسریفی زنجانی
تەفسیری نامی (لە چەند بەرگێکدا)
سەناو سکاڵا
حەج نامە
خوڵاسەی تەفسیری نامی
دوو ڕشتە
ڕۆژگاری ژیانم
ڕۆژگای بەھەشت
ڕێگای پێغەمبەر
سەرچاوەی ئایین
سۆسەنی کۆسار
شەریعەتی ئیسلام – لە ٤ بەرگدا
شەمامەی بۆندار
شەوچەرەی دڵدار
کەراماتی حەزرەتی چیاو الدین «قدس سرە»
لیمۆی مەزەدار
مەولودنامە و میعراجنامە
مەکتووبات کاک ئەحمەدی شێخ
نامەی بەختیار
نامەی ھۆشیار
شەمامەی بۆندار
نووری ئیسلام
نووری قورئان
وەنەوەشەی نازدار
وتاری ئایینی بۆ ڕۆژانی ھەینی
یادی مەردان (دوو بەرگ)
وەرگێڕان بە کوردی
تەرجەمەی بەھارستانی جامی (چاپ نەکراوە)
ساغکردنەوە
عەقیدەی مرچیەی مەولەوی
(الفچیلە)ی مەولەوی (الوسیلە فی شرح الفچیلە)
دیوانی فەقێ قادری ھەمەوەند
دیوانی مەحوی
دیوانی مەولەوی
دیوانی نالی
بەرھەمەکان بە زمانی فارسی
فوائد (الفوائح)ی مەولەوی
رسالە شمشیرکاری
بەرھەمەکان بە زمانی عەرەبی
علماونا فی خدمە علم و الدین
الصرف الواچخ للمبتدئین
الإسلام



